سەردێڕ:

سعودیە.. ژمارەیەک لە ژنان پێشێلی یاساکانی جلوبەرگی وڵاتەکەیان دەکەن

فۆتۆ: 
2019-09-14

11848 جار خوێندراوەتەوە

لە چەند مانگی ڕابردووەوە ژمارەیەک لە ژنانی سعودیە پێشێلی یاساکانی جلوبەرگی وڵاتەکەیان دەکەن، کە ژنان ناچاردەکات بە پۆشینی لەچک و عەبای ڕەنگ ڕەش.

ئەو ژنانە کە ژمارەیان بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێت، لە شوێنە گشتییەکاندا بە جلوبەرگی مۆدێرن و تا رادەیەک کراوەتر بینراون و ئەوەش بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکانی جیهان.

یەکێک لەو ژنانە مەشاعل جەلودی تەمەن ٣٣ ساڵە کە هەفتەی ڕابردوو بە پانتۆڵ و چاکەتێکی ڕەنگاو ڕەنگەوە چووە ناو یەکێک لە مۆڵەکانی شاری ڕیازی پایتەخت و سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ئەو ژنە سعودیە دواتر بە میدیاکانی وتبوو پۆشینی ئەو جلوبەرگە بووەتە مایەی نیگەرانی بەشێک لە دوکاندارانی مۆڵەکە و ڕێگەیان پێنەداوە بچێتە دوکانەکەوە بە پاساوی ئەوەی " پێشێلکاری نەریتی گشتی وڵاتەکەی کردووە".

جگە لە مەشاعل، کچە چالاکوانێکی تەمەن ٢٥ ساڵی دیکەش بەناوی مەناهل عەتیبی وێنەکانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاندووە کە تیایدا بە جلوبەرگێکی مۆدێرنەوە لەسەر شەقامەکانی شاری ریاز دەبینرێت، ئەو کچە چالاکوانە باسی لەوەکردووە ، ماوەی ٤ مانگە دەستبەرداری پۆشینی عەباکەی بووە، دەشڵێت، دەیەوێت ئەو ژیانە بژی کە دەیەوێت و هیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نیە ناچاری بکات جلوبەرگێک بپۆشێت کە نەیەوێت.

میدیاکان باس لەوەدەکەن، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە ئێستادا ڕێگای خۆشکردووە بۆ ئەو ژنانە کە پێشێلی کلتور و یاساکانی جلوبەرگی وڵاتەکەیان دەبن، لە ڕێگەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەو پۆلیسانەی وڵاتەکە کە لە ناوخۆدا بە "پۆلیسی ئایینی" ناودەبرێت، لەکاتێکدا تا ماوەیەک لەمەوبەر ژنانی سعودیە بەهۆی لەچک نەکردنەوە دەستبەسەردەکران.

محەمەد سەلمان هەر وەک لە میدیاکانەوە باسی لەوەکردووە "دەیەوێت وڵاتەکەی بەرەو وڵاتێکی ئیسلامی مۆدێرن ببات" و ئەو وتانەشی لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەدا ڕەنگی داوەتەوە.کە دیارترینیان یاسایەکی ساڵی رابردوو بوو کە بۆ یەکەم جار  ڕێگە بە ژنان درا مۆڵەتی شۆفێری وەربگرن، هەر لەو ساڵەدا و لەدوای نزیکەی ٤٠ ساڵ هۆڵی سینەما لە وڵاتەدا کرایەوە، مانگی حوزەیرانی ڕابردووش یەکەم یانەی شەوانە لە شاری جەدە کرایەوە، بەڵام جیاواز لە یانەی شەوانی دیکە خواردنەوەی کحول تیایدا قەدەغەکراوە هەروەها سەرەتای مانگی ڕابردووش بە بڕیارێک ڕێگە بە ژنان درا بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت لە پیاوێکی نێو خێزانەکەیان گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن.