سەردێڕ:

سلێمانی.. رۆژی یەکشەممە پارەی گەنمی جوتیاران خەرجدەکرێت

فۆتۆ: 
2019-09-13

4752 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی بڵاویکردەوە، قۆناغی سێیەمی پارەی گەنمی جوتیارانی پارێزگای سلێمانی کە بڕەکەی ٢٠ ملیار دینارە گەشتووەتە هەرێم و رۆژی یەکشەممە پارەکە بەسەر جوتیاراندا دابەشدەکرێت.

محەممەد حەسەن بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و دانەوێڵەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە قۆناغی سێیەمیدا بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جوتیاران کە بڕەکەی ٢٠ ملیار دینارە بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جووتیاران دەتوانن رۆژی یەکشەممە ١٥ی ئەیلول پارەکانیان وەربگرن، چونکە ئەوان چەکی خەرجکردنی ئەو پارەیەیان بەسەر سایلۆکانی چەمچەماڵ رانیە، سەیدسادق، پیرەمەگروون، هەڵەبجە و گەرمیاندا دابەشکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەغدا چەکێكی دیکەی بانکی کە بڕەکەی ١٧ ملیار دینارە بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە، دوای ئەوەی رێکارە بانکییەکان تەواو دەکرێن هەفتەی داهاتوو ئەو پارەیەش بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکرێت.

کۆی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٩ لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٧١ ملیار و ٥٥٥ ملیۆن دینارە، بەو چەکە ١٧ ملیار دینارەش کە گەشتووەتە هەرێم، تائێستا نزیکەی ٥٢ ملیار دیناری لەلایەن عێراقەوە خەرجکراوە.

هـ.ع