سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى بڕى موچەى پاشەکەوتکراوى فەرمانبەران ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2019-09-12

33336 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە حکومەتى هەرێم موچە پاشەکەوتکراوەکانى فەرمانبەران بە نزیکەى نۆ ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت، بەڵام بە پێی بەدواداچوونەکانى ئێن ئاڕ تى بڕى موچە پاشەکەوتکراوەکان نزیکەى ١٧ ملیار دۆلارە.

دوایین لێدوانى فەرمیى حکومەتى هەرێم لەسەر چارەنووسى موچە پاشەکەوتکراوەکانى موچەخۆران دوو ئاماژەی روونى تێدایە، یەکەمیان لەسەر بڕى موچە پاشەکەوتکراوەکان، دووەمیان لەسەر ئەوەى حکومەتى عێراق قەرزارى موچەخۆرانى هەرێمە نەوەک حکومەتى هەرێم.

هەرچەندە وتەبێژى حکومەتى هەرێم دەڵێت، موچە پاشەکەوتکراوەکان مەزەندە دەکرێت لە نێوان هەشت بۆ نۆ ملیار دۆلار بێت، بەڵام بەپێی ئەو بەدواداچوونانەى کە پێشتر ئێن ئاڕ تى دەربارەى موچە پاشەکەوتکراوەکان کردبووى، دەرکەوت کە حکومەتى هەرێم زیاتر لە ٢٠ ترلیۆن دینار، کە دەکاتە زیاتر لە ١٧ ملیار دۆلار، قەرزارى موچەخۆرانە لە ساڵى ٢٠١٥ تا ٢٠١٩، کە ئەم ١٧ ملیار دۆلارە بەشى موچەى ٢٣ مانگى موچەخۆرانە بە موچەى تەواو.

دەربارەى چارەنووسى موچە پاشەکەوتکراوەکان، وتەبێژى حکومەت دەڵێت، ئەو پارەیە حکومەتى عێراق لە خەڵکى بڕیووە، خۆ ئەوان لە خەڵکیان نەبڕیوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەى حکومەتى عێراق قەرزارى موچەخۆرانى هەرێمە نەوەک حکومەتى هەرێم، ئەمەش پێچەوانەى لێدوانەکانى بەشێک لە بەرپرسانى حکومەتى هەرێمە کە بەردەوام دەیانوت پاشەکەوتى موچە قەرزە و لاى حکومەتە.

چۆن پاشەکەوتى موچە سەریهەڵدا؟

ساڵى ٢٠١٤ بەرپرسانى هەرێم بەبێ رەزامەندیى حکومەتى عێراق، دەستیانکرد بە فرۆشتنى نەوت، ئەوەش وایکرد بەغدا بودجە و موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى بڕی، لە نیوەى یەکەمى ساڵى ٢٠١٥ش، بە رەزامەندیى هەموو لایەنەکان، سەربەخۆیى ئابورى راگەیەندرا و بە شێوەیەکى سەربەخۆ نەوت هەناردەى دەرەوە کرا.

هەر لەگەڵ دەستپێکى هەناردەکردنى نەوتى هەرێم بۆ دەرەوە لە ساڵى ٢٠١٤دا و بڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە، وردە وردە قەیرانى دارایی لە هەرێم سەریهەڵدا و حکومەتى هەرێم چوار موچەى تەواوەتیى نەدا لە ٢٠١٥، هەروەها لە ٢٠١٦وە دەستیکرد بە پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران.

بەوەش دەردەکەوێت هەرچەندە هەرێم نەوتەکەى خۆى فرۆشتووە و هیچ بڕە نەوتێکیشى رادەستى بەغدا نەکردووە، بەڵام حکومەتى هەرێم دەڵێت، موچە پاشەکەوتکراوەکانى هەرێم لاى بەغدایە.

سەربارى هەموو ئەوانەش کاتێک رۆژی ٨ی ئازاری ٢٠١٩ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا بە لابردنی پاشەکەوتی موچە، بانگەشەى ئەوە کرا لەمەودوا موچە لە وادەى خۆیدا دابەشدەکرێت، بەڵام ئەم موچەیە لە وادەى خۆى دابەشنەکراوە، بۆ نمونە ئێستا کە نزیک ناوەڕاستی مانگی نۆیە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی شەش دابەش نەکراوە.