سەردێڕ:

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: به‌ڵێنه‌كه‌ی ناتانیاهۆ چارەسەرى ئاشتى لەناودەبات

فۆتۆ: 
2019-09-12

963 جار خوێندراوەتەوە

وته‌بێژی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، رایگەیاند، به‌ڵێنه‌كه‌ی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ لكاندنی یه‌كه‌ جوله‌كه‌نشینه‌‌كانی دۆڵی ئوردن له‌ كه‌ناری خۆرئاوا بە ئیسرائیلەوە چارەسەرى ئاشتى لەناودەبات.

ستیفان دوجاریك وته‌بێژی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕەخنەی لە لێدوانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل گرت، کە بەڵێیندا‌بوو ئه‌گه‌ر بێت و جارێکى تر هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ ئه‌وا یه‌كه‌ جوله‌كه‌نشینه‌‌كانی دۆڵی ئوردن له‌ كه‌ناری خۆرئاواوە‌ ئیسرائیله‌وه‌ ده‌لكێنێت.

راشیگه‌یاند، ئه‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌، پێشێلكارییه‌كی جددیی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌، زیان به‌ ده‌رفه‌تی ژیانه‌وه‌ی دانوستانه‌كان و ئاشتیی له‌ ناوچه‌كه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت و به‌جددیی توانای جێبه‌جێكردنی چاره‌سه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای دوو ده‌وڵه‌ت، له‌بارده‌بات.

نەتەوە یەکگرتووەکان به‌ پێویستی زانیوه‌ كێشه‌ی ئیسرائیل-فه‌ڵه‌ستین له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سنووره‌كانی به‌ر له‌ ساڵی ١٩٦٧دا له‌سه‌ر بنه‌مای چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌ت، تاوتوێ بكرێت.

بڕیارە ١٧ى ئەیلول هەڵبژاردنى پیشوەختە لە ئیسرائیل بەڕێوەبچێت و به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتیی رابردوو کە لە نۆی نیسانی ٢٠١٩ بەرێوەچوو نەتانیاهۆ هه‌مان به‌ڵێنی دابوو.