سەردێڕ:

فرسەت سۆفی وەکو پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا

لەکۆی ٢٨ دەنگ
فۆتۆ: 
2019-09-12

7560 جار خوێندراوەتەوە

 ئەمڕۆ پێنجشەمە ١٢ ی ئەیلولی ٢٠١٩، کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەمەبەستی دەنگدان لەسەر کاندیدی نوێی پارێزگاری شارەکە بەڕێووەچوو و تیایدا فرسەت سۆفی وەکو پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا .

لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگادا لە کۆی ئامادەبوونی ٢٨ کەس، بەکۆی ٢٧ دەنگ فرسەت سۆفی وەکو پارێزگاری نوێی شاری هەولێر هەڵبژێردرا.

فراکسیۆنی پارتی تاکە فراکسیۆن دەبێت کە ئەو کاندیدەی دەبێت ئەویش فرسەت سۆفییە کە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ئەندام پەرلەمان بووە. فراکسیۆنەکانی دیکە هیچ کاندیدێکیان نەبووە.

سامان ستار ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، "بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردنەکان فراکسیۆنی پارتی زۆرینەن لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێردا بۆیە تاکو ئێستا فرسەت سۆفی تاکە کاندیدە بۆ ئەو پۆستە و هیچ فراکسیۆنێک ئەوەیان ڕانەگەیاندووە کاندیدیان هەبێت".

گۆڕینی پارێزگاری هەولێر لە چوارچێوەی پرۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ گۆرانکاری کردن لەپۆستە باڵاکانی وەکو پۆستی بریکاری وەزیرەکان و بەرێووەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقامەکان.

چاوەڕوان دەکرێت دوای گۆڕینی پۆستی پارێزگار پۆستەکانی دیکەی شاری هەولێر گۆڕانکاری تیادابکرێت.