سەردێڕ:

کازم فاروق: شەرمە لە وڵاتی نەوتدا کوڕوکچەکان پارە بدەن بۆ ئەوەی بڕوانامەیەک بەدەست بهێنن

فۆتۆ: 
2019-09-12

1825 جار خوێندراوەتەوە

 کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، ئەمساڵ تەنیا ٣٥% ی خوێندکاران و قوتابیان بە خۆڕایی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن.

بەپێى ئەو ژمارانەى وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەمساڵى خوێندنى خستنیەڕوو، ٢٤ هەزار کورسى لە زانکۆى حکومیى و ١٠ هەزار  لە پاراڵێڵ و ١١ هەزار کورسیش بۆ خوێندنى ئێواران و ٢٣ هەزار کورسى لە زانکۆ تایبەتەکاندا دانراون.

کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە نوسینێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەپێى ژمارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بێت، کەواتە حکومەت تەنیا ٣٥%ی کورسی خوێندن بەخۆڕایی بۆ خوێندکاران دابین دەکات و ٦٥%ی خوێندکاران دەبێت لەم دۆخە سەختەدا پارە بدەن بۆئەوەی بڕوانامەیەک بەدەست بهێنن.

کازم فاروق دەڵێت: لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەپەرلەمان هاواریان کردووە تکایە بەسە هەموو شتێک لە خوێندکار کراوە بە پارە، شەرمە لە وڵاتی نەوتدا کوڕوکچەکان پارە بدەن بۆ ئەوەی بڕوانامەیەک بەدەست بهێنن.

بەوتەى سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ، بەرپرسى چاوچنۆك بە بازرگانى نەوت و دەرمان تێرنەبوون، خوێندنیشیان کرد بە بازرگانیى و پارە، وەزارەتی خوێندنى باڵاش لەجیاتى ئەوەی لەبەرەی خەڵک بێت، کەچی گیرفانی بەتاڵی خوێندکارەکان دەخاتە بەر چنگی بازرگانى زانکۆ و پەیمانگە ئەهلیەکان.