سەردێڕ:

​چەند بەرپرسێکی ئەمنی لە سلێمانی دەستیان کردووە بە دامەزراندنی کۆمپانیای ئەمنی

فۆتۆ: 
2019-09-11

7959 جار خوێندراوەتەوە

چەند بەرپرسێکی ئەمنی لە شاری سلێمانی دەستیان کردووە بە دامەزراندنی کۆمپانیای ئەمنی و خاوەن مۆڵ و پرۆژەکان ناچاردەکەن بە بەکارهێنانی ئەم کۆمپانیایانە و پێدانی پارەی مانگانە.

بەپێى ئەو زانیارییانەى دەست ئێن ئاڕ تى کەوتوون، لە ماوەى رابردوودا لیژنەیەکى قایمقامیەتى سلێمانى بانگهێشتى چەند مۆڵ و پرۆژەیەکى نیشتەجێبوونى کردووە و داوایان لێکراوە سکیورتى دابنێن.

بۆ دانانى سکیورتیش ئەو مۆڵ و پرۆژانە پێویستە گرێبەست لەگەڵ یەکێک لەو کۆمپانیایانەى بوارى سکیورتى بکەن کە لە شارەکەدا کاردەکەن و، گەر ئەو کارەش نەکرێت ئەوا وەک سەرپێچى بۆیان هەژمار دەکرێت.

هاوکات بەگوێرەى زانیارییەکان، بەشى زۆرى ئەو کۆمپانیایانەى سکیورتیش کە لە شاردا کاردەکەن، موڵکى بەرپرسانى ئەمنی و حزبین یان پشکى زۆریان تیایاندا هەیە.

ئەم ئاگادارکردنەوەیە لەکاتێکدایە، ئەو مۆڵ و پرۆژانە زۆربەیان دەکەونە ناو شارەوە و لەناو شاریشدا ژمارەیەکى زۆرى هێزى پۆلیس و ئاسایش بوونیان هەیە، کە لە بنەڕەتدا ئەرکى ئەم هێزانە پاراستنى ئاسایش و ئارامیى شار و پرۆژەکانیەتى.

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بەرپرسی هێزە ئەمنییەکان و ئەو فەرمانگانەی بەرپرسن لە پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان و شارەکە، هەمان ئەو بەرپرسانە داوا لە پرۆژەکان دەکەن پەنا ببەن بۆ کۆمپانیای سکیوریتی.

ئێن ئاڕ تی لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەوانی ناوی ئەو بەرپرسە ئەمنی و حزبییانە بڵاودەکاتەوە کە خاوەندارێتی ئەو کۆمپانیایانە دەکەن.