سەردێڕ:

هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠١٧ قەدەغە دەکرێت

بە گوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ
فۆتۆ: 
2019-09-11

13855 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاریداوە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠١٧ رابگیرێت و ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەکراون و بەکارهاتوون پێویستە بڕوانامەی (coc)یان لەگەڵ بێت.

پشتیوان حەمە ساڵح لێپرسراوی هۆبەی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی باشماخ رایگەیاندووە، وەزارەتی ناوخۆ‌ لە بڕیارێکدا سەرجەم دەروازە سنورییەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە لە بەرواری ٢٠١٩/٩/١ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠١٧ رادەگیرێت.

باسی لەوەش کردووە، لە ئێستادا تەنها ئۆتۆمبێلی مۆدیلەكانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ ڕێگەپێدراوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بكرێن.

هاوکات ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕیوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم لە بڕیارێکدا داوای لە سەرجەم دەروازە سنورییەکان کردووە، کە هەر ئۆتۆمبێلێک باوەڕنامەی (coc)ی نەبێت (سی ئۆ سی ئامێرێکە لە ئەگزۆستی ئۆتۆمبێل دەبەسترێت بۆئەوەی بزانرێت ئۆتۆمبێلەکە ئەو گازی دوانۆکسیدی کاربۆنەی بەرهەمی دەهێنێت لە ئاستی ستانداردە یاخود نا، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ژینگەیە)، رێگە بە هاوردەکردنی بۆ هەرێم نادرێت و بڕیارەکەش لە رۆژی ٨ی ئەیلولەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.