سەردێڕ:

وتەبێژی حکومەت بۆ ئێن ئاڕ تی: داوامانکردووە بەغدا پارەی پاشەکەوتی موچە بداتەوە

فۆتۆ: 
2019-09-11

17980 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، رێبوار کاکەیی

وتەبێژی حکومەت رایگەیاند، بەغدا موچەی فەرمانبەرانی بڕیوە و داوایان لە بەغدا کردووە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران بداتەوە، کە نزیکەی هەشت بۆ نۆ ملیار دۆلارە.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئێن ئاڕ تیدا باسی لەوەش کرد، بابەتی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان راگیراوە و وەزارەتی شارەوانیی هەرێم جارێکی دیکە بەو بابەتەدا دەچێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی پلانی حکومەت، پێش زستان ٢٥٩ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر ھاوڵاتییاندا دابەشدەکەن.

سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازییش لە هەرێم، وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی، بنەمای کارنامەی حکومەتی نوێی ھەرێم چاکسازییە لە ھەموو سێکتەرەکاندا.

ساڵی ٢٠١٦ حکومەتى هەرێم بڕیاریدا بەشێک لە موچەی فەرمانبەران پاشەکەوت بکات و کاری بە سیستمی پاشەکەوتی موچەى فەرمانبەران کرد، تا رۆژی ٨ی ئازاری ٢٠١٩ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا بە لابردنی پاشەکەوتی موچە.