سەردێڕ:

بەهادین نورى: ئەو مەرجەعیەتەى لە هەرێم باسدەکرێت هەزار ساڵ گەڕانەوەیە بۆ دواوە

فۆتۆ: 
2019-09-11

3593 جار خوێندراوەتەوە

نوسەر و سیاسەتمەدارى کورد بەهادین نورى دەڵێت، ئەو مەرجەعیەتەى کە بەو شێوازە لە هەرێمى کوردستان باس دەکرێت بە واتای گەڕانەوەیە بەرەو دواوە بەهەزار ساڵ.

لە وتارێکدا بە ناونیشانى ئایا میللەتی کورد پێویستی بە مەرجەعیەتە، بەهادین نورى نوسویەتى، مەرجەعیەت بەم شێوازەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان باس دەکرێ بە هیچ جۆرێ لە کۆمەڵگەی پێشکەوتوودا، لەگەڵ دیموکراسی جێگەی نابێتەوە، دەشڵێت ئەو جۆرە مەرجەعە کە لەسەرۆکایەتی لیژنەیەک یان ئەنجومەنی چەند حیزبێکدا خۆی دەبینێتەوە و هیچ پەیوەندییەکى بە دیموکراسى هاوچەرخەوە نیە و دەیانەوێ بەکراسێکی تازەوە، بەناوی ئەنجومەنی ئەحزابەوە دیکتاتۆرێکی تازە بسەپێنن.

لە بەشێکى ترى وتارەکەیەدا بەهادین نورى دەڵێت، دیموکراسی و پێشکەوتن دەبێ مەرجەعیەتی خۆی هەبێ بۆ کاروباری گشتی ، ئیداری و سیاسی و ئابووری وڵات، بەڵام ئەم جۆرە مەرجەعیەتە دەبێ خودی کۆمەڵگە بۆ خۆی دروستیبکات لە رێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراتی ئازادی خاوێنەوە، وەکو ئەو هەڵبژاردنانەی لەوڵاتە دیموکراتیەکان دەکرێت، نەک ئەو هەڵبژاردنە درۆینە پڕ لە تەزویر و ساختەکاریەی کە لەعێراق و کوردستاندا دەکرێت و پەرلەمانێکی پڕ لەعەیب و ناشایستەی پێ پێکدەهێنرێت.

وەک بەهادین نورى دەڵێت، مەرجەعیەتی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگە تەنها لە ڕێگەی دیموکراسیەوە بەدەست دێت و ئەو دیموکراسیەش ئەمڕۆ لای ئێمە نیە، بەڵام بەڕێوەیە بۆ ئایندە.