سەردێڕ:

شێخ جەعفەر: لەگەڵ دروستکردنى ئەنجومەنێکین بۆ حزبەکان

فۆتۆ: 
2019-09-11

6242 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى سەرۆکى هەرێم رایگەیاند، پێی باشە بۆ چارەسەری ئەو کێشە ناوخۆییانەی کە هەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان خۆیان ئەنجومەنێک دروستبکەن، بەڵام بەیاسا ڕێکخرابێت.

جەعفەر شێح مستەفا ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى کە دوێنێ فەرمانى دەستبەکاربوونى وەک جێگرى سەرۆکى هەرێم بۆ دەرچوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمریکا ئاماژەى بەوە کردووە، "ئەگەر ئەنجومەنێک هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و یەکڕیزی میللەتەکەمان و ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو هەڕەشانەى لەدەرەوە لەمیللەتەکەمان دەکرێت یان کۆدەنگیەک بێت بۆ گەیاندنی دەنگی میلەتەکەمان بەهەموو دنیا، بەو شێوەیە پێم باشە بەمەرجێک دووربێت لە دەستوەردان لەکاروباری حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتيی هەرێم، چونکە پەرلەمان نوێنەری خەڵکە."

سەبارەت بە سەرۆکایەتى ئەنجومەنەکە لە ئەگەرى پێکهێنانیدا جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت، هەرکات کاتی هات ئەوکات یەکێتی بۆچوونی خۆی دەدات، پێشتر بۆ مەسعود بارزانى کاریان کردووە دەنگیان پێداوە ببێتە سەرۆکى هەرێم و خولەکەشی بۆ درێژ بکرێتەوە، ئەگەر ئێستاش بیەوێت ئەو ڕۆڵە ببینێت و ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە هەموو لایەنە سیاسیەکان کۆبکاتەوە و یەکڕیزیی کورد بپارێزێت، یه‌كێتی هەمان هەڵوێستی ڕابردووی دەبێت.

ئەو وتانەى جەعفەر شێخ مستەفا دواى ئەوە دێت محەمەدى حاجى مەحمود سکرتێکى حزبی سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان رایگەیاندبوو، زۆربەى لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان ئەنجومەنێک دروستبکرێت کە پێکهێنەرى حزبەکان بن و مەسعود بارزانى سەرۆکایەتى بکات.