سەردێڕ:

مەسرور بارزانى: لەبارەى سەرژمێریى گشتییەوە تێبینیمان هەیە

فۆتۆ: 
2019-09-10

3580 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، تێبینییان لەبارەى سەرژمێریى گشتى هەیە و دەخوازن بۆ ئامانجى سیاسى بەکارنەهێنرێت.

بەپێى ڕاگەیەندراوێکى حکومەتى هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ى ئەیلولى ٢٠١٩ مەسرور بارزانى لە کۆبوونەوەى لەگەڵ نورى دلێمى وەزیرى پلاندانانى عێراق ڕایگەیاندووە، "سەرژمێریى گشتى دانیشتووان هەنگاوێکى گرنگە بۆ کۆکردنەوەى زانیارى و داتا و، هۆکارێکى یارمەتیدەریشە بۆ پلاندانان."

وتیشى، حکومەتى هەرێم تێبینیى هەیە لەسەر سەرژمێرى و نابێت ڕەچاو نەکرێت و دەبێت بۆ ئامانجى سیاسییش بەکارنەهێنرێت.

لەبارەى پەیوەندی و کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد مەسرور بارزانى ڕایگەیاند، ئامادەییان دەربڕیوە و نیەتپاکى خۆى نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بەپێى دەستوور.

وتیشى، دەخوازن پەڕەیەکى نوێ و ئەرێنى لە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بێتە ئاراوە، بە شێوەیەک کە ڕەچاوى بەشداریى ڕاستەقینە و هاوسەنگى و تەوافوق بکرێت.

لە بەرانبەردا وەزیرى پلاندانانى عێراق ڕایگەیاند، دەرفەتێکی نوێ و کەشێکى لەبار هاتووەتەپێش بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى نێوان هەرێم و عێراق لە چوارچێوەى دەستووردا.