سەردێڕ:

ئەنجومەنی پارێزگاى سلێمانی بەئەلکترۆنیکردنی عەریزەنووسینى ڕەتکردەوە

فۆتۆ: 
2019-09-10

1913 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی پارێزگاى سلێمانی پشنیازی کرد بەهۆى بوونى کێشەى یاسایى حکومەت گرێبەستى بەئەلکترۆنیکردنی عەریزەنووسین هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری داواکاری گشتی و دەستەی دەسپاکی و نوێنەری دادنووسەکانی سلێمانی کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پرسی بەئەلکترۆنیکردنی عەریزەنووسین دەکەن.

گرانکردنی نرخی عەریزەنووسین و ناڕوونی لە گرێبەستەکەی حکومەت و کێشە یاساییەکانی بابەتی گەرمی گفتوگۆکە بوون.

ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، هەموان لەسەر ئەوە کۆکن گرێبەستەکە کەموکورتیی یاسایی هەیە و قۆرخکاریی تێدایە، هەربۆیە بە کۆی دەنگ ئەنجومەنی پارێزگاى سلێمانی پشنیازی کرد حکومەت ئەو گرێبەستە هەڵبوەشێنێتەوە.

سەباح شەهید فەتاح ئەندامی لیژنەی کاروباری یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد، گرێبەستەکە نەخراوەتەوە موزایەدەی ئاشکراوە و کێبڕکێی کۆمپانیاکانی بۆ نەکراوە.

باسی لەوەش کرد، بەشێک لە کۆمپانیاکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە تەنها  بە سێ هەزار دینار هەمان کاری ئەو کۆمپانیایە بکەن کە ئێستا بۆ هەر عەریزەیەک ١٥ هەزار دینار لە هاوڵاتییان وەردەگرێت.

کاری بەئەلکترۆنیکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان لە ئێستادا لە قۆناغی تاقیکرنەوەدایە، تەنها لە دادنووسی بەکرەجۆ لە سلێمانی پەیڕەو دەکرێت و هەموو مامەڵەکانی هاوڵاتییانیش دەگرێتەوە.

دالیان ئازاد بەڕێوەبەری دادنووسی یەکەمی سلێمانی ڕایگەیاند، بەرپرسی دادنووسەکانی سلێمانی و ئەندامانی ئەنجومەنیش کۆکن لەسەر بەئەلکترۆنیکردنی کاری فەرمانگە حکومییەکان.

دوای گرێبەستی حکومەت و کۆمپانیاکە، سەرەتا نرخی یەک عەریزەنووسین ٢٥ هەزار دینار بوو، پاشان بۆ ١٥ هەزار دینار کەمکرایەوە و بەپێی خەمڵاندنێکی ئەنجامێکی ئەنجومەنیش، ئەو کۆمپانیایە لە ساڵێکدا  ٢٧ ملیار و ٧٢٠ ملیۆن دینار داهاتی دەستدەکەوێت.

هاوکات لە کۆتا کۆبوونەوەیدا ئەنجومەنی پارێزگای دهۆکیش پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنی حکومەت و ئەو کۆمپانیایەی داوەتەوە حکومەت و پەلەمانی کوردستان.