سەردێڕ:

پارتى دواى هەولێر بەنیازە پارێزگارى دهۆکیش بگۆڕێت

فۆتۆ: 
2019-09-10

4522 جار خوێندراوەتەوە

لەمیانى گۆڕانکارییەکاندا پارتى دەستی بە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر کێشایەوە و بەنیازیشە پارێزگارى دهۆک و چەندین پۆستی تریش بگۆڕێت.

دوای هەموارکردنی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان، گۆڕانکاری لە پارێزگاری شارەکانی هەرێمی کوردستان دەستيپێکرد و لە یەکەم هەنگاویشدا پارتی دەستی بە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر کێشایەوە و، بەنیازە لەبری ئەو فرسەت سۆفی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بکاتە پارێزگار.

نەوزاد هادی پارێزگاری پێشووی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دوای ١٥ ساڵ دەست لە پۆستی پارێزگار دەکێشێتەوە، لە وتاری ماڵئاواییشدا باسی کار و پرۆژەکانی خۆی کرد لە ماوەی ١٥ ساڵی پارێزگاریدا و رایگەیاند، ئێستا هەولێر پێشەنگی شارەکانە لە عێڕاقدا.

گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگارەکان هەر هەولێر ناگرێتەوە و، پارتی بەنیازە هاوشێوەی هەولێر پارێزگاری دهۆکیش بگۆڕێت، ئەوە جگە لەوەی بەنیازە زۆرینەی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنوری زۆنی زەرد بگۆڕێت و کەسی نوێ لە شوێنەکانیان دابنێت، ئەم گۆڕانکارییانەش لە چوارچێوەی ململانێکانی نێوان باڵەکانی پارتی، نێچێرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی ئێستای حکومەتدایە، چونکە ئەوەی دەبینرێت زۆرینەی ئەو پۆستانەی دەگۆڕدرێن ئەو کەسانەن کە سەربە نیچیرڤان بارزانین، یان لە ناوبراوەوە نزیکن، ئەمەش تا دێت ململانێکانی نێوان ئەو دوو ئامۆزا و سەرۆک و سەرۆک وەزیرانە زیاتر قوڵدەکاتەوە.

گۆڕینی پارێزگار و پۆستەکانی پێ دەچێت تەنیا لە سنوری زۆنی زەردی پارتیدا قەتیس بێت و پەل نەهاوێت بۆ زۆنی سەوز، ئەمەش جارێکی تر ئەو راستییە دوپاتدەکاتەوە کە تا ئێستا دوو ئیدارەیی هەیە، چونکە ئەگەر گۆڕانکاری لە پۆستەکان ستراتیژی حکومەتی نوێ بێت، پێویستە هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی بگرێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا هەندێک دەنگۆ هەبوو بۆ گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی، کە ئێستا هەڤاڵ ئەبوبەکرە و سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، بەڵام هەردوو لایەنی یەکێتی و گۆڕان دەنگۆکانیان رەتکردەوە و تا ئێستا هیچ کۆبوونەوە و دیدارێکیان لەسەر ئەو پرسە نەکردووە.

لە ماوەی رابردوودا پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی دەسەڵات یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو، کە کەس نازانێت چ کاتێکە، درێژکردەوە؛ ئەو بڕگەیشی گۆڕی و بەپێی یاساکە ئێستا دەتوانرێت پارێزگار لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرێت.