سەردێڕ:

١٨٦ ملیۆن دینارى موچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكانى شارەزوور گەرێندرایەوە

فۆتۆ: 
2019-09-10

5282 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى،هەڵەبجە، وریا حەمە کەریم

سەرچاوەیەیەک بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە بڕى ١٨٦ ملیۆن دینارەکەى کە دیارنەمابوو گەڕێندرایەوە بۆ حکومەت.

ئەو سەرچاوەیە لە بەرێوەبەرایەتى گشتى وچاودێرى گەشەپێدان و کۆمەڵایەتى شارەزور ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کەسوکارى ئەو کارمەندەى لەسەر دیارنەمانى ئەو بڕە پارەیە دەستگیرکرابوو پارەکەیان ڕادەستى پۆلیسى هەڵەبجە کردووە.

وتیشى، کارمەندەکە پارەکەى بە دوو کەس داوە و دواتر یەکێک لەو کەسانە بۆ تورکیا هەڵاتووە.

دوێنێ دووشەممە ٩ى ئەیلول وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى ئاشکرایکرد، فەرمانبەرێكی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی شارەزور بەتۆمەتی بردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەكان دەستگیركراوە.

ئاماژەى بەوەشکردبوو، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ دۆسیەی دیارنەمانی موچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان و چەند گرفتێكی تری بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكان سەردانی قەزاى شارەزورى كردووە.

دواى دیارنەمانى ئەو بڕە پارەیە کە پاشماوەى موچەى شەش مانگى خاوەن پێداویستیەتایبەتیەکانى شارەزوور بووە، فەرمانبەرێكیان ڕوبەروی دادگا كردەوەو بەفەرمانی دادوەریش بەتۆمەتی دیارنەمانی پارەکە دەستگیركرا.