سەردێڕ:

ترەمپ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی دوورخستەوە

جۆن بۆڵتن وەڵامى دایەوە
فۆتۆ: 
2019-09-10

7109 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى ئەمریکا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بە تویتێک لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە خزمەتکردنی لە کۆشکی سپی چیتر پێویست نییە.

لەو تویتەدا سەرۆکی ئەمریکا ڕایشیگەیاندووە، "لەگەڵ زۆر لە پێشنیازەکانی ناتەبا بووم، هەروەک چۆن کەسانی تریش لە ئیدارەی ئەمریکا ناتەبا بوون."

لە درێژەی تویتەکەیدا و لەسەر ئەو بابەتە ترەمپ نووسیویەتی، "هەربۆیە داوام لە جۆن کرد دەستلەکاربکێشێتەوە و، ئەم بەیانییە داوای دەستلەکارکێشانەوەکەیم پێ دراوە."

لە کۆتایی تویتەکەیدا ترەمپ سوپاسی جۆن بۆڵتنی کردووە بۆ خزمەتەکانی و ڕایشیگەیاندووە، "هەفتەی داهاتوو ڕاوێژکاری نوێی ئاسایشی نیشتمانی ڕادەگەیەنێت."

هاوکات جۆن بۆڵتن وەڵامى ترەمپى دایەوە و ڕایگەیاندووە، "شەوی ڕابردوو دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەشی سەرۆک ترەمپ کردووە و ئەویش وتوویەتی، با سبەینێ گفتوگۆی بکەین."