سەردێڕ:

​تورکیا: ئەمریکا ڕێکارەکانی بەڕێوەبردنی ناوچەی ئارام دوادەخات

فۆتۆ: 
2019-09-10

1616 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی لەبارەی "ناوچەی ئارام" ی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە لەسەری ڕێکەوتوون، دوادەخات.

مەولود چاوشئۆغلۆ لە شاری ئەنقەرە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند "ئەوەی تا ئێستا لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوچەی ئارامدا جێبەجێکرا، بەڕێوەچوونی چەند چالاکییەکی دەورییەی هاوبەش بووە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و ئەو هەنگاوانەی دراون تەنها هەنگاوی شکڵی بوون".

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکردووە، ئەمریکا لە پرۆسەی دواخستنی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەدایە و دەیەوێت تورکیاش لەگەڵ ئەم دواخستنەدا ڕابهێنێت.

وتیشی، "کارەکانی واشنتۆن تا ئێستا سوودی زیاتری بە یەپەگە گەیاندووە وەک لە تورکیا، ئەنقەرە دەیەوێت لەگەڵ ئەمریکادا کاربکات بەڵام ئەگەر پێویست بکات ناوچەکە لە هێزەکانی یەپەگە چۆڵدەکات".

ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پلانیان هەیە یەک ملیۆن ئاوارەی سوری نیشتەجێی تورکیا بگەڕێننەوە بۆ سوریا و نیشتەجێی ناوچەی ئارامیان بکات، ئەوەش لە کۆی سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئاوارە کە لە تورکیا نیشتەجێبوون.