سەردێڕ:

​ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە ئەلەکترۆنیکردنى عەرەیزەنوسین ڕەتدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-09-10

2938 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە ئەلەکترۆنیکردنى عەرەیزەنوسین ڕەتدەکاتەوە بەهۆى بوونى گرفتى زۆر لە گریبەستى کۆمپانیاکەدا.

ئازاد محەمەد ئەمین  سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە کۆنفراسێکى ڕۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، گرفتێکى زۆرى تێدایە وەک زۆرى نرخى عەریزە نوسین و نەگەڕانەوەى داهاتەکەى بۆ حکومەت و ناڕوونى لە گریبەستى کۆمپانیاى ئینفۆ ئاڕ ئاڕ کە گرێبەستەکەى لەگەڵ حکومەت کردووە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنى عەریزەنوسین.

ئاماژەى بەوەشکردووە، بە پێشنیار ڕەتیدەکەنەوە و دەبێت چەند کۆمپانیایەک بچێتە کێبڕکێوە نەک بە تەنها بدرێتە کۆمپانیایە و دەکرێت حکومەت خۆى ئەو کارە بکات و داهاتەکەى دەگەرێتەوە بۆ خۆى و تێچووەکەشى کەمتر دەبێت.

پێشتر کاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری نەوەی نوێ رایگەیاندبوو گرێبەستی کۆمپانیاکە تەواو نایاساییە و ئەوان نوسراویان بۆ وەزارەتی داد کردوە بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی گرێبەستەکەیان بۆ بنێنرن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر بۆ هەفتەیەک وەڵامیان نەدەنەوە ئەوە وەزیری داد بانگیشتی لیژنەی یاسایی دەکەن.

هاوکات سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندبوو، حکومەت بۆ بە ئەلیکترۆنکردنی کاری عەریزەنوسین ٢٥ هەزار لە هاوڵاتیان وەردەگرێت، بەڵام ئەوان کۆمپانیایەک بۆ حکومەت دەهێنن کە هەمان ئەو کارە بە سێ هەزار دینار بۆ هاوڵاتییان دەکات.

رۆژى ٢٧ى شوباتى ئەمساڵ گرێبەستێک لە نێوان وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای ئینفۆ ئاڕ ئاڕ کە کۆمپانیایەتی کەرتی تایبەتە بەمەبەستی بە ئەلیکترۆنکردنی کاری عەریزەنوسین واژۆکرا، بەگوێرەی گرێبەستەکە ٢٥ هەزار دینار بۆ هەر مامەڵەیەک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت لەو بڕەش ٢٠ هەزار دیناری بۆ کۆمپانیاکە دەبێت و پێنج هەزار دیناریشی بۆ حکومەت دەبێت.

بڕیارەکەی حکومەت ناڕەزایی بەشێک لە هاوڵاتیان و عەریزە نوسەکانی لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوەتەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، نرخی عەریزەنوسین بۆ ١٠ بەرامبەری جاران بەرزکراوەتەوە ئەوەش لە توانای هاوڵاتیاندا نیە.