سەردێڕ:

پەرلەمانی بەریتانیا دووبارە هەڵبژاردنی پێشوەختەیان ڕەتکردەوە

فۆتۆ: 
2019-09-10

1969 جار خوێندراوەتەوە

لە دەنگدانێکدا ٢٩٣ پەرلەمانتار دەنگیان بە پێشنیازەکەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کە کەمتربوو لە دەنگی پێویست.

پێشریش ئەندامان ئەوەیان خستەڕوو کە پشتگیری لە داواکاری حکومەت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ١٥ تشرینی یەکەمدا ناکەن و جەخت لەوەش دەکەنەوە بۆ چوونە دەرەوەی بەریتانیا بەبێ ڕێککەوتن لە یەکێتی ئەوروپا فشاری یاسایی بەکاردەهێنن.

ئەندامانی پەرلەمان هۆشداریان داوەتە بۆریس جۆنسۆن لەکاتی سەرپێچی کردنیدا لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە ئەوا ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی یاسا ببێتەوە.

ئەندامانی کابینە نوێیەکەی جۆنسۆنی سەرۆک وەزیران ئەو یاسایەیان بە " بێ سوود" وەسفکرد و بەرگری لە جێبەجێکردنی دەکەن.

یاساکانی بەریتانیا لە ئێستادا جەخت لەوەدەکەنەوە کەتاکو ٣١ ی تشرینی یەکەم پێویستە بەریتانیا یەکێتی ئەوروپا بەجێبهێڵێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی بۆ بەجێهێشتنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتیەکە ئەنجام درابێت یاخود نا.

بەڵام یاسا نوێیەکە سەرۆک وەزیران سەرپشک دەکات کە برێگزت تاکو ٣١ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ دوابخات یاخود تاکو ڕۆژی ١٩ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە ڕێککەوتن ، یاخود دەرچوون بەبێ ڕێککەوتن، لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە دەنگی پێبدرێت.

پەرلەمانی بەریتانیا لە ئەمڕۆوە کارەکانی هەڵپەسێندرا و ئەوەش تا ١٤ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند،  حکومەت سوود لەو پێنج هەفتەیە وەردەگرێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و لەهەمان کاتیشدا " بۆ چوونەدەرەوە لە یەکێتییەکە بەبێ ڕێککەوتن ئامادەدەبێت". و وتیشی گرنگ نییە پەرلەمان چی فێڵێک بۆ داخستنی دەستەکانم بەکاردەهێنێت من بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک تێدەکۆشم و ئەم حکومەتەش چیتر برێگزت دواناخات.

Hilary Benn

‌بەپەلە