سەردێڕ:

دامەزرێنەرێکی ئاکەپە وردەکاری دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێ دەخاتەڕوو

فۆتۆ: 
2019-09-10

3146 جار خوێندراوەتەوە

عەلی باباجان کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی ئاکەپە ڕایگەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ پارتێکی سیاسی نوێ دادەمەزرێنن و ڕوبەڕوی پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار دەبنەوە.

عەلی باباجان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی قەراری تورکی، ئەو دەنگۆیانەی پشتڕاستکردەوە کە سەبارەت بە دامەزراندنی پارتێکی سیاسی لەگەڵ عەبدوڵا گیول هەبوون و ڕایگەیاند، دامەزراندنی پارتە سیاسییەکە کاتی دەوێت و هەوڵیش دەدەن پێش هاتنی ساڵی ٢٠٢٠ دایبمەزرێنن، جەختی لەوەشکردەوە "چۆنیەتی پێکهاتەی پارتەکە بۆ ئەوان گرنگە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، پارتە نوێکەیان بڕوای بە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ، ئازادی، دیموکراسی و پابەندبوون بە یاسا و دەستوور دەبێت، باسی لەوەشکرد، "ئەو دۆخەی ئێستا تورکیا پیایدا تێپەڕدەبێت مایەی نیگەرانیە بۆمان و هۆکارەکەشی دوورکەوتنەوەیە لەو بنەمایانە".

باباجان ڕاشیگەیاندووە "پێویستە حکومەت بە هەمان دووری لە هەموو تاکێکی تورکیاوە دووربێت، دەبێت حکومەت دەرفەتی یەکسان و دادپەروەر بۆ هەمووان دابین بکات، چونکە دادپەروەری هۆکاری دروستبوونی حکومەتە".

ئەم وتانەی باباجان، پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتێکی پێشتری ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزە کە بڵاویکردبووەوە، باباجان لەگەڵ عەبدوڵا گیول ئەمساڵ پارتێکی سیاسی نوێ دادەمەزرێنن، بەڵام دواتر ئەردۆغان ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و هۆشداریشیدا لەوەی "ئەوانەی کە لە پارتی ئاکەپە دادەبڕێن ڕێگەیان پێنادرێت بێنەوە ناو پارتەکەوە".

ڕۆیتەرز ئەوەشی نوسیبوو، دروستبوونی کوتلەی جیاواز لەناو پارتی ئاکەپەدا زیانی گەورە بە پارتەکە دەگەیەنێت کە لە ئێستادا پشتی بە هاوپەیمانە نەتەوەپەرستەکەی (مەهەپە)  بەستووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەنگی زۆرینەی پەرلەمان.

‌بەپەلە