سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەواڵی بنکەیەکی نهێنی ناوەکی ئێرانی بڵاوکردەوە

دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئەو قسانە ڕەت دەکەنەوە
فۆتۆ: 
2019-09-10

3725 جار خوێندراوەتەوە

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکدا وتی ئیسرائیل زانیاری هەیە دەربارەی بوونی بنکەیەکی نهێنی ناوەکی لەناوچەی ئابادەی سەر پارێزگای فارس لە ئێران. دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئەو قسانە ڕەت دەکەنەوە.

 بەپێی هەواڵێکی بی بی سی بەریتانی، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەی ڕاگەیاندوە، ئێران بە ئامانجی سەربازی، تاقیکاری بۆ فراوانکردنی چەکی ناوەکی لەم وێستگە نهێنییەدا ئەنجام دەدات. ناتانیاهۆ بە پیشاندانی چەند وێنەیەکی مانگەدەستکردەکان وتی دوای ئەوەی ئێران لەوە تێگەیشت کە ئیسرائیل پەردەی لەسەر وێستگە نهێنییەکە لاداوە هەوڵیدا نیشانە و ئاماژەکانی ئەم وێستگەیە لەناوببات.

ناتانیاهۆ لەو کۆنفڕانسە هەواڵییەدا کە زیاتر بە زمانی عیبری ڕوونکردنەوەیدا چەند وێنەیەکی مانگی حوزەیران و ئابی بۆ رۆژنامەنوسان خستەڕوو، وێنەی یەکەم کە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی حوزەیران وێستگەکە وەکو خۆی ماوەتەوە بەڵام لە وێنەیەکی مانگی ئابدا بەشێک لە بیناکانی ئەم وێستگەیە لەناوچوون و بە وتەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵێک بووە بۆ لەناوبردنی وێستگە نهێنییەکە پاش ئەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاشکراکراوە.

ناتانیاهۆ بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران وتی "ئیسرائیل دەزانێت ئێوە چی کارێک دەکەن و لە کوێ و لە چی کاتێکدا ئەو کارە ئەنجام دەدەن".

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەوەڵامی ئەم ووتانەدا لە تویتەر نوسیبووی، " خاوەنی ڕاستەقینەی چەکی ناوەکی گورگە و گورگ خۆی هاواردەکات".

حکومەتی ئێران چەند جارێک ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کە وڵاتەکەی خاوەنی وێستگەی نهێنی چەکی ناوەکی نییە و نایەوێت سوودی سەربازی لەو چەکانە وەربگرێت.

ئابادە شارێکی بچووکە سەر بە پارێزگای فارسە و دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە.

نتانیاهو