سەردێڕ:

ئەردۆغان دژایەتی خۆی بۆ هەنگاوەکانى دروستکردنی ناوچەی ئارام ڕاگەیاند

فۆتۆ: 
2019-09-09

11109 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا، دژایەتی خۆی بۆ هەنگاوەکانى دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا دەربڕی و ڕاگەیاند، تاپێش کۆتایی ئەم مانگە چاوەڕوان دەبن.

 رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێکدا لەکاتى کردنەوەى پرۆژەیەک لە شارى ماڵاتیا رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە کە لانەی تیرۆر لە ناوچەکەدا بە تەواوی لەناوببەن، بەڵام ئەوان کە مەبەستى ئەمریکییەکانە خەریکی ئەوەن لە ھەمان زەمین لەگەڵ رێکخراوانی تیرۆریستی ئیدارەیان بکەن.

ئەردۆغان وتى: ئەگەر تا پێش کۆتایی مانگی ئەیلول لە رۆژھەڵاتی فوڕات لەگەڵ سەربازانیان بە شێوەیەکی کرداریی دەستیان بە دروستکردنی ناوچەی ئارام نەکردبێت ئەوا ئیتر ھیچ چارەسەرێکی دیکە نییە بەدەر لە گرتنەبەری رێگای خۆیان.

ئەردۆغان لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا، باسیلەوەکرد، ئەم کارە بە فڕینی سێ بۆ پێنج ھێلیکۆپتەر، دەورییەی پێنج بۆ١٠ ئۆتۆمبێل و ھەبوونی چەند سەد سەربازێک لە ناوچەکەدا نابێت.

وتى: پێویستە بە شێوەیەکی کرداریی ئارامی لە شارەکان و گوندەکان دەستەبەر بکەن بۆ نیشتەجێکردنی یەک ملیۆن کەس.

ئەم وتانە دواى ئەوە دێـت، دوێنێ هێزەکانى تورکیا و ئەمریکا چوونە ناو خاکى رۆژئاواى کوردستانەوەو دەورییەى هاوبەشیان کرد و سەنگەرەو تونێلەکانى هەسەدە لە سەرێکانى و گرێ سپى لەناو براون و دۆسیەى ئەمنى رادەستى ئەنجومەنى ناوخۆیى هەردوو شارەکە کراوە.