سەردێڕ:

پەرلەمانتارێک: بۆ پێوەرێکى ئاوى ماڵان حکومەت ٢٧ ھەزار دینار زیادەی لە ھاوڵاتییان وەرگرتووە

فۆتۆ: 
2019-09-08

2583 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ گلەییەکانی هاوڵاتییان سەبارەت بە کێشەکانی پێوەری ئاو کردووە، بەتایبەت لەڕووی نرخی پێوەرەکەوە، بە جۆرێک قسەیان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کردووە و پێیانوتوون، دەتوانن هەمان پێوەر بە هەمان جۆر، تەنیا بە ١٣ هەزار دینار دابینبکەن.

کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەت لە هەر پێوەرێکی ئاودا نزیکەی ٢٧ هەزار دینار زیادە لە هاوڵاتییان وەردەگرێت و ئەوەشى بە دزییەکی ئاشکرا ناوبردووە.

لە کۆتایییەکانی ٢٠١٧دا کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، ئەرکی بەستنی پێوەری ئاو و وەرگرتنی کرێی ئاوی گرتە ئەستۆ، بەڵام هەر زوو هاوڵاتییان ناڕەزایەتییان لە بەستنی پێوەری ئاو دەربڕی و، کەمپەینی لێکردنەوە و نەبەستنی پێوەرەکەشیان ڕاگەیاند.

ناڕازیبوونی هاوڵاتییان بەهۆی گرانی نرخی پێوەرەکانەوە بوو کە هەر پێوەرێکی ئاو بە ٤٠ هەزار دەفرۆشرا، گلەییەکی دیکەی خەڵکیش ئەوەبوو، بڕێکی زۆر پارەیان لێ وەردەگیرا، بەجۆرێک هاوڵاتییەکی شاری سلێمانی پارەی دوو مانگی ئاو لە خانووە ١٥٠ مەترییەکەیدا، ٣٢ ملیۆن دینار بوو.

یەکێکی دیکە لە کەم و کورتییەکانی پێوەری ئاوی ماڵان ئەوەیە کە جگە لە رێژەی ئاو، هەواش دەخوێنێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا کازم فاروق ئەوەشی خستوەتەڕوو ئەگەر پێوەرێکی ئاو بۆ ماوەی پێنج خولەک هەوا بخوێنێتەوە، وەک ئەوە وایە نزیکەی ٢٠ خولەک ئاو بەکارهاتبێت.

بەوپێیەش لە هەر جارێکدا کە ئاو دەدرێت بە هاوڵاتییان نزیکەی ٣٠ دەقە هەوا بە پێوەرەکەدا دەڕوات و پێوەرەکە هێندەی دوو کاتژمێر ئاو دەخوێنێتەوە و حکومەت پارەی ئەو هەوایەش لە هاوڵاتییان وەردەگرێت.

لە بەرامبەریشدا، حکومەت پێیوایە هاوڵاتییان بڕێکی زۆر ئاو بەفیڕۆ دەدەن و دەتوانرێت لە ڕێگەی بەستنی ئەو پێوەرەوە بەفیڕۆدانی ئاو کەمبکرێتەوە و بەستنی پێوەری ئاو بە هەنگاو و پڕۆژەیەکی گرنگ وەسفدەکەن.

دیاریکردنی نرخی ئاو بەپێی بەکارهێنانیەتی بە مەتر سێجا، تا ڕێژەی بەکارهێنانی ئاویش زیاتربێت، نرخەکەشی زۆرتر دەبێت و لە نێوان ٥٠ دینار بۆ دوو هەزار دیناردایە بۆ هەر مەتر سێجایەک.