سەردێڕ:

وردەکاری کۆبوونەوەکەی ئەمیری کۆمەڵ و سەرۆکی پارتی

فۆتۆ: 
2019-09-08

9980 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی درەومیدیا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە دیداری ئەمڕۆ نێوان ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، عەلی باپیر بە مەسعود بارزانی راگەیاندووە، " ئێستا كوردستان پێویستی بە ئەزمون‌و توانی ئێوەیە، فەرموو براگەورەبە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان"

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دیدارەكەی نێوان ئەمیری كۆمەڵ‌و سەرۆكی پارتی دوای دوو هەفتە چاوەڕەوانی هاتووە، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی‌و عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامیش، ئەندازیاری سازدانی كۆبونەوەكە بوون.

سەرچاوەیەكی باڵاش بە ماڵپەرەکەی راگەیاندووە، "مەسعود بارزانی گلەیی لە عەلی باپیر كردووە، كە پێشتر پەیوەندی نێوان پارتی‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەهێز بووە، بەڵام بۆچی‌و لەپێناو چی لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو پەیوەندییەیان تێكداوە، تەنانەت بارزانی ئاماژەی بە رووداوەكانی (٣١)ی ئاب كردووە‌و باسی لەوەكردووە، ئەوكات عەلی باپیرو ئیسلامییەكان لەگەڵ پارتی بوون لەبەرامبەر یەكێتیدا."

لەبەرامبەریشدا ئەمیری كۆمەڵ بەشێوەی زارەكی بەڵێنی بە بارزانی داوە كە "چیتر ئەو رووداوانە دووبارەنابنەوە".

لە كۆبونەوەكەی نێوان ئەمیری كۆمەڵ‌و سەرۆكی پارتیدا، چوار كەس ئامادەبوون، لە كۆمەڵی ئیسلامی عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و مەلا حەسەن ئەندامی سەركردایەتی، لە پارتیش فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی‌و عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی پەیوەندییەكانی پارتی ئامادەی بوون.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ ٨ى ئه‌یلولى ٢٠١٩ عه‌لى باپیر ئه‌میرى کۆمه‌ڵ  و مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى کۆبوونه‌وه، نوسینگەی راگەیەندنی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لە راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی لەوە کردووە، له‌ دیداره‌كه‌دا بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاته‌كانی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ تاوتوێ كراون.

کۆبوونەوەکە لەکاتێکدابوو، لە دوای کشانەوەی کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی هەشتەمی حکومەت لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧وە، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و کۆمەڵ ساردی تێکەوت، بە جۆرێک دوای هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٨دا پارتی  بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ سەردانی کۆمەڵی ئیسلامیی نەکرد و بەشێک لە سەرکردەکانی پارتی بەشداریکردنی ئەو حزبەیان لە حکومەتدا وەکو "هێڵی سور" ناوبرد.