سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی دیارترین سیناریۆکان بۆ ھەڵبژاردنی شوێنگرەوەی تاڵەبانی لە کۆنگرەی یەکێتیدا ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2019-09-08

28796 جار خوێندراوەتەوە

بەپێى بڕیارى دوایین کۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى ئەو حزبە و پاش حەوت ساڵ دواخستنى، بڕیارە رۆژى ٧ى ١٢ی ٢٠١٩، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کۆنگرەى چوارەمى خۆى گرێ بدات.

یەکێتى لە ماوەى چل و چوار ساڵى تەمەنیدا، تەنها سێ کۆنگرەى گرێداوە، دوایین کۆنگرەى ئەو حزبە کە کۆنگرەى سێیەمە، لە مانگى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٠دا بەڕێوەچوو، گەرچى لەو کۆنگرەیەدا بڕیاردرا کە کۆنگرەى چوارەم لە مانگى ١٠ى ساڵى ٢٠١٣دا گرێ بدرێت، بەڵام ئەو وادەیە تێپەڕى و یەکێتى کۆنگرەى نەبەست، دواتر لە ڕێگەى پلینیۆمێکەوە وادەى بەستنى کۆنگرە بۆ شەش مانگ دواخرا، بەڵام چەندین شەش مانگى تێپەڕین و یەکێتى کۆنگرەى چوارەمى خۆى گرێ نەدا.

هەر لە سەرەتاى دروستبوونییەوە، یەکێتى بەردەوام کێشەى بوونى باڵ و رەوتى جیاوازى هەبووە، لە دواى بەستنى کۆنگرەى یەکەمى ئەو حزبەوە، کە یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانى (کۆمەڵەى رەنجدەرانى کوردستان) خۆى هەڵوەشاندەوە، بڕوا وابوو کە بەشێک لە کێشەکانى رەوت و باڵى جیاواز چارەسەر دەبێت، بەڵام وێڕاى ئەوەى سکرتێرى کۆچکردووى ئەو حزبە (جەلال تاڵەبانى) ماوەى چەندین ساڵ بڕیاردەرى یەکەم و کۆتایى حزبەکەى بوو و تا ڕادەیەک دەسەڵاتەکانیشى زۆر و فراوان بوون، بەڵام نە لە کۆنگرەی یەکەم و نە لە کۆنگرەکانى دواى ئەویش کێشەى بوونى باڵ و رەوتى جیاوازیان چارەسەر نەکرد.

ئەوەى ئێستا قسە و باسى زۆرى لەبارەوە دەکرێت و تا ڕادەیەک لاى بەشێک لە کادیران و لایەنگرانى ئەو حزبە پرسیارى جددیە ئەوەیە، کێ جێگەى سکرتێرى کۆچکردووى ئەو حزبە دەگرێتەوە؟ بابەتى سکرتێرى گشتى و کەسى یەکەمى حزب چۆن لە کۆنگرەى چوارەمدا چارەسەر دەکرێت، ئایا ئەو چارەسەرە دەتوانێت ئەو حزبە بە یەکگرتوویى بهێڵێتەوە و تا ڕادەیەک کێشەى باڵباڵێن و بوونى رەوت و سەکۆى جیاواز لەناو حزبەکە چارەسەر بکات یاخود نا؟

بەپێى ئەو زانیارییانەی کە ئێستا لە بەردەستی ئێن ئاڕ تیدایە، لە ئێستادا لەنێو سەرکردە باڵاکانى ئەو حزبەدا قسە و باس لە دەورى چوار ئەگەرە بۆ چۆنیەتى بەڕێوەبردنى یەکێتى، کە تەواوى ئەم ئەگەرانە لە حاڵەتى گۆڕانکاریکردنى بنەڕەتى لە پەیڕەو و پڕۆگرامى ناوخۆى ئەو حزبەدا دێنە بوون و بریتین لە:

یەکەم: ناوى سکرتێرى گشتیى دەگۆڕێت بۆ سەرۆکى حزب و سەرۆکیش جێگرێکى دەبێت، کە بێگومان پاش گۆڕانکارى لە پەیڕەوى ناوخۆ پێویستە رەوتە سەرەکییەکانى ناو ئەو حزبە لەسەر ئەو دوو پۆستە رێکبکەون.

دووەم: ناوى سکرتێرى گشتیى دەگۆڕێت بۆ سەرۆکى حزب و سەرۆکیش دوو جێگرى دەبێت و ئەگەرى بەهێز ئەوەیە لە نێوان رەوتە جیاوازەکاندا تەوافوق لەسەر سەرۆک و جێگرەکان بکرێت.

سێیەم: ئەگەرى سێیەم ئەوەیە کە سەرۆکى حزب و جێگرێک و سکرتێرى مەکتەبى سیاسیى رابەرایەتى حزبەکە بکەن لە قۆناغى داهاتوودا، بێگومان ئەمەشیان بە تەوافوق و رێککەوتنى باڵ و رەوتەکانى ناو حزبەکە.

چوارەم: جگە لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى کە لە سێ کەس پێکدێت و یەکێک لەو ئەگەرانەى سەرەوە دەبێت، ئەگەرى ئەوەش هەیە ئەنجومەنێکى راپەڕاندن دروستبکرێت و هاوبەشى بکات لە بەڕێوەبردنى حزبدا.

هەموو ئەو ئەگەر و سیناریۆیانە بۆ دابەشکردنى پۆستەکانى رابەرایەتى حزب و لە دوو حاڵەتدا بەڕێوەدەچن، حاڵەتى یەکەمیان دەستکارییەکى بنەڕەتى لە پەیڕەوى ناوخۆى حزبەکەدا بکرێت و، حاڵەتى دووەمیشیان دەسەڵاتەکانى سەرۆکى حزب کەمبکرێنەوە و لە بەرامبەردا هەندێک لە دەسەڵاتەکانى بدرێت بە  جێگرى سەرۆک و ئەنجومەنى راپەڕاندن.

هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە بەردەستی ئێن ئاڕ تیدایە لە ئێستا، کاندیدی بەهێز بۆ کەسی یەکەمی حیزبەکە کۆسرەت رەسولە، کە زۆرینەی رەها وەک برا گەورە قبوڵیانە و، هەروەها لە جێگرەکانیشدا بەرهەم ساڵح تا رادەیەکی زۆر ئەو پێگەیەی مسۆگەرکردووە وەک جێگری یەکەمی سەرۆک.

بە هەموو حاڵەتێک، قورسترین ئەرکى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى، پڕکردنەوەى شوێنى سکرتێڕى کۆچکردووى ئەو حزبەیە، بە شێوەیەک کە کەسى یەکەمى تازەى ئەو حزبە بتوانێت لانیکەم وەک سکرتێرى کۆچکردووى حزبەکە بەشێکى زۆرى رەوت و باڵە جیاوازەکانى پێکەوە بهێڵێتەوە.