سەردێڕ:

چین.. منداڵێکی ئویغوری کە دایک و باوکی لە زیندانن خنکا

ئافرەتێکی ئویغوری لەگەڵ منداڵەکانیدا لە نزیک ژمارەیەک لە پیاوانی پۆلیس لە ناوچەی ئۆرۆمشی وەستاوە
فۆتۆ: 
2019-09-08

14316 جار خوێندراوەتەوە

گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە و تیایدا منداڵێکی سێ ساڵان دەردەکەوێت کە خنکاوە و لە ٢٢ی ئابی ڕابردوو تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، ڕادیۆی ئازادی ئاسیاش دوای ئەوەی پەیوەندیی بە پۆلیسەوە کردووە، پۆلیس ڤیدیۆکە و خنکانی ئەو منداڵەی پشتڕاستکردووەتەوە.

ئەفسەرێکی پۆلیس کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت لەوبارەیەوە بە ڕادیۆی ئازادی ئاسیای وتووە، "ئەو منداڵە خەڵکی شاری ئەستانەیە و ناوی پێرهاتە، بەڵام ناوی خانەوادەکەی نازانم."

ئافرەتێکیش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت و منداڵەکە و دایک و باوکی منداڵەکەی بینیوە، بە ڕادیۆی ئازادی ئاسیای ڕاگەیاندووە، "دایک و باوکی ئەو منداڵە لە شارەکەی من دەژین و ئەو منداڵەش تەمەنی لە دەوروبەری سێ ساڵیدایە،" وتووشیەتی، دایک و باوکی ئەو منداڵە دەستگیرکراون و بەو منداڵەوە سێ منداڵیان هەیە، بەڵام زانیاریی زیاتری ئاشکرانەکردووە، بەڵام ئەو ئافرەتە کە لە گەلی هان بووە، باسی لەوە کردووە، بەهۆی ئەوەی گفتوگۆیەکی ئەوتۆ لەنێوان گەلی هان و ئویغوردا نییە، ناوی دایک و باوکی ئەو منداڵە نازانێت.

لەلایەکی ترەوە بەرپرسێکی ئەمنی لە ئەستانە لەبارەی خانەوادەی پێرهاتەوە وتوویەتی، "باوکی ناوی تودیغایتە و جوتیارە، دایکیشی ناوی ئەتیکێم مامات بووە."

ئەو بەرپرسە ئەمنییە، کە ناوی ئاشکرانەکراوە، وتووشیەتی، "باوکی ئەو منداڵە سێ ساڵە دەستگیرکراوە و دایکیشی نزیکەی ساڵێکە دەستگیرکراوە، بەڵام ئەو شوێنەی بۆی براون نازانین و ناشزانین لەسەر چی دەستگیرکراون. ناشزانم کێ سەرپەرشتیی ئەو منداڵەی کردووە."

مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردووش، تەرمی منداڵێکی ئویغوری دۆزرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی منداڵەکە بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستدابوو، کە دایک و باوکی لەلایەن حکومەتی چینەوە دەستگیرکرابوون.

بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمانی گەلی ئویغور لەلایەن حکومەتی چینەوە لە هەرێمی شینجیانگ دەستگیرکراون. میدیاکان باس لەوە دەکەن کە موسڵمانانی ئویغور ناچار بە خواردنی گۆشتی بەراز و وازهێنان لە دینی ئیسلام دەکرێن.