سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم سەبارەت بە یاسای بودجە لەگەڵ بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان کۆبووەوە

فۆتۆ: 
2019-09-08

2826 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، لە راگەیەنراوێکیشدا ئاماژە بەوەکراوە، حکومەتی هەرێم بەو ئاڕاستەیە کار دەکات کە بتوانن لەگەڵ بەغدا لەسەر یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بگەنە رێککەوتن.

حکومەتی هەرێم دوای کۆبووەکە لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە،  "مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە رەوشی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی ئاگادار کردەوە و گوتی پێشکەوتن لە گفتوگۆکانمان لە گەڵ بەغدا هەیە و هیوادارین لە سەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن بە شێوەیەک پرنسیپەکانی : هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێن".

ئاماژە بەوەشکراوە، "سەبارەت بە نەوت و راددەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو بڕە نەوتەی هەناردە دەکرێت وشایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و داهاتی مانگانەی نەوت کە بۆ مووچە خەرج دەکرێت، زانیاریی ورد وپێویست خرانە روو . ئەم زانیاریانەش بەشێکە لە پرۆژەی وردبینی نەوت وگازی هەرێمی کوردستان کە لایەن کۆمپانیای نێودەلەوتی (دیلۆیت Deloitte ) ئامادەکراوە وسیاسەتی شەفاف و ئاشکرایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بواری نەوت وگازدا".

سەبارەت بە قەرزکانی حکومەتی هەرێمیش ئەوە خڕاوەتەڕوو، "سەبارەت بە دۆسیەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان ، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەو قەرزانە درا کە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستاندان و بەشێکە لە دۆسیەکانی گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی. هۆکاری سەرەکی ئەم قەرزانەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی بەغدا و ئەو قەیرانە داراییەی بەو هۆیەوە دروستبوو، بەتایبەتی دابینکردنی خەرجی زیاتر لە دووملیۆن ئاوارە و شەڕی داسەپاوی رێکخراوی تیرۆریستی داعش".

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی راگەیاندووە، بۆ چاسەرکردنی ئەو کێشانە چەند لیژنەیەکیان لەگەڵ بەغدا پێكهێناوە و گفتوگۆکانیش لە گەڵ  حکومەتی فیدرالی  بەردەوامە لە سەر دۆسییەکانی  دارایی وبودجە ، نەوت وگاز ، قەرزەکان ، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم  . "بەو ئاراستەیەی کە بتوانین بگەینە رێککەوتن لە سەر بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ و کارکردنی بەردەوام لە سەر چارەسەریی درێژخایەن بۆ ئەو دۆسیانە لە سەر بنەمای دەستوور وبەرژەوەندی هاوبەش ".