سەردێڕ:

عه‌لى باپیر و مه‌سعود بارزانى کۆبوونه‌وه‌

فۆتۆ: 
2019-09-08

5222 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان کۆبوونەوە، بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەش هەردوولا بارودۆخی سیاسیی کوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌یان تاوتوێ کردووە و جه‌ختیان له‌ هه‌ماهه‌نگیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كردووەتەوە.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ ٨ى ئه‌یلولى ٢٠١٩ عه‌لى باپیر ئه‌میرى کۆمه‌ڵ  و مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى کۆبوونه‌وه، نوسینگەی راگەیەندنی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لە راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی لەوە کردووە، له‌ دیداره‌كه‌دا بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاته‌كانی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ تاوتوێ كراون.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌ کردووە‌، "هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا جه‌خت له‌ پێویستیی هه‌ماهه‌نگیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی كوردستان و خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوانیان و به‌دیهێنانی یه‌كڕیزیی نیشتمانی كرایه‌وه‌."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "له‌ به‌شێكی تری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ردوولا له‌سه‌ر پێویستیی یه‌ك وتاری و هه‌ماهه‌نگیی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا هاوڕابوون و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا ته‌وه‌رێكی تری ئه‌و دیداره‌ بوو."

لای‌ خۆیه‌وه‌ نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ بەوە کردووە، "كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ توندوتۆڵكردن و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی نێوان كۆمه‌ڵی ئیسلامی و پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، كه‌ هه‌ردوولا بوونی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌وانه‌ی به‌شداری حكومه‌تن و ئه‌وانه‌ش ئۆپۆزسیۆنن به ‌گرنگ زانی."

باسی لەوەش کردووە، "له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ زیاتر له‌ كاتژمێرێكی خایاند، هه‌ردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ ره‌هه‌ندی نیشتمانییان هه‌یه‌ و پێویست ده‌كات لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ته‌بابن و راوێژ و راگۆڕینه‌وه‌یان پێكه‌وه‌ هه‌بێ."

ئاماژە بەوەش کراوە، "پرسی ئاینده‌ی كه‌ركوك، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی له‌وه‌دایه‌ ته‌واوی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی شاره‌كه‌ و كورد یه‌كلایی ببێته‌وه‌، هەروەها سەبارەت بە په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدادیش هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه ‌كرده‌وه‌ پێویست هه‌مووان پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆئه‌وه‌ی كێشه‌ و گرفته ‌ئالقاوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ربكرێن."

کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، لە دوای کشانەوەی کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی هەشتەمی حکومەت لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧وە، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و کۆمەڵ ساردی تێکەوت، بە جۆرێک دوای هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٨دا پارتی  بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ سەردانی کۆمەڵی ئیسلامیی نەکرد و بەشێک لە سەرکردەکانی پارتی بەشداریکردنی ئەو حزبەیان لە حکومەتدا وەکو "هێڵی سور" ناوبرد.

هـ.ع