سەردێڕ:

بەنگلادیش ئازادیی جوڵە و پەیوەندیکردنی موسڵمانانی ڕۆهینگیای سنووردارکردووە

بەشێک لە موسڵمانانی بۆرما بەبۆنەی ساڵیادی رزگاربوونیان لە ژێردەسەڵاتی حکومەتی بۆرما کۆبوونەوتەوە (٢٥ی ئابی ٢٠١٩)
فۆتۆ: 
2019-09-08

1798 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی بەنگلادیش کۆت و بەندی لەسەر جوڵە و پەیوەندیکردنەکانی موسڵمانانی ڕۆهینگی دانا، هیومان ڕایتس وۆچ داوای لە حکومەتی بەنگلادیش کرد کە ئەو کۆت و بەندانە لەسەر گەلی ڕۆهینگیا هەڵگرێت.

بەگوێرەی هیومان ڕایتس وۆچ، حکومەتی بەنگلادیش ئازادیی جوڵە و هێڵی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردنی ئۆنلاینی لەسەر ئاوارەکانی ڕۆهینگیا سنووردارکردووە.

هیومان ڕایتس وۆچ باسی لەوە کردووە، دەستەی ڕیکخستنی پەیوەندییەکان لە بەنگلادیش ڕۆژی ١ی ئەیلولی ٢٠١٩ فەرمانیکردووە بە ڕاگرتنی خزمەتگوزاریی مۆبایل لە ماوەی حەوت ڕۆژدا، ڕۆژێک دواتر و لە ٢ی ئەیلولدا دەستەی ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لە بەنگلادیش فەرمانیکرد بە ڕاگرتنی 3G و 4G لە کامپی ئاوارە ڕۆهینگییەکان بە شێوەیەکی ڕۆژانە و لە کاتژمێر ٥ی ئێوارە تا ٦ی بەیانی، دەسەڵاتدارانیش ڕایانگەیاند کە ئەو کارە لەپێناو پاراستنی ئەمنیەت و سەلامەتیدایە.

هیومان ڕایتس وۆچ باسی لەوە کردووە، ڕاگرتنی ئینتەرنێت و پەیوەندیی ئۆنلاین بۆ ماوەی ١٣ کاتژمێری ڕۆژانە، ژیانی نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە دەخاتە مەترسییەوە، چونکە بەو هۆیەوە ناتوانن پەیوەندی بە خزمەتگوزارییە ئەمنی و تەندروستی و پێویستەکان بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ ناردنەوەی ئاوارە ڕۆهینگییەکان بۆ بۆرما بەردەوامییان هەیە و دوایین هەوڵیش ڕۆژی ٢٢ی ئاب شکستی هێنا.