سەردێڕ:

ئەمریکا.. ژمارەى گیانلەدەستدان بەهۆى جگەرەى ئەلیکترۆنییەوە بو پێنج کەس بەرزبووەوە

فۆتۆ: 
2019-09-07

1042 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانى تەندروستی ئەمریکا هۆشداریاندا لە بەکارهێنانى جگەرەى ئەلیکترۆنى کە بەهۆیەوە ژمارەى گیانلەدەستدان بو پێنج کەس بەرزبووەتەوە.

بەرپرسانى تەندروستى لە ولایەتى مینیسوتاى ئەمریکا ڕایانگەیاند، کەسێکى تەمەن ٦٥ ساڵ کە نەخۆشى سییەکانى هەبووە، دواى گەیاندنى بۆ نەخۆشخانە گیانى لەدەستداوە.

هاوکات لە ولایەتى کالیفۆرنیا کەسێکى ترى تەمەن ٦٥ ساڵ بەهۆى کێشانى جگەرەى ئەلیکترۆنیەوە گیانى لەدەستداوە.

لە ولایەتى ئەندیاناش بەرپرسانى تەندروستى ڕایانگەیاند، بەهۆى بەکارهێنانى جگەرەى ئەلیکترۆنیەوە هەشت حاڵەتى تەنگەنەفەسى گەیەنراوەتە نەخۆشخانەکان و گەنجێکى تەمەن ١٨ ساڵیش گیانى لەدەستداوە.

یەکەم حاڵەتی مردن بەهۆی نەخۆشییەکانى سییەوە لە ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکا لە ٢٨ى مانگى ڕابردوو تۆمارکرا، کە پەیوەندی بە کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە هەبووە و دواتریش لە ولایەتى ئەوریغۆن دووەم حاڵەتى مردن بەو هۆیەوە تۆمارکرا.

بەپێى وتەى بەرپرسانی تەندروستی ئەمریکا، تا ئێستا زیاتر لە ١٩٠ حاڵەتی نەخۆشکەوتن بەهۆی کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە لە ٢٢ ویلایەتی ئەمریکا تۆمارکراون.

بەپێى ئامارەکان، لە ئەمریکا زیاتر لە نۆ ملیۆن کەسى سەرو تەمەن ١٨ ساڵ جگەرەی ئەلیکترۆنیی بەکاردەهێنن و ٣ملیۆن و ٦٠٠ هەزار گەنجى خوار تەمەن ١٨ ساڵیش بەکارهێنەرى جگەرەى ئەلەکترۆنین کە لە سەدا ٢٠ یان قوتابى قۆناغى ناوەندین.