سەردێڕ:

فرۆکەوانێکى عێراقى هەوڵى دزەپێکردنى کەلوپەلى جوانکارى دەدات

لە ئەستەنبوڵ
فۆتۆ: 
2019-09-07

6922 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانى گومرگى فڕۆکەخانەى (سەبیحە) لە ئەستەنبوڵ، هەوڵى دزەپێکردنى 211 پارچە کەلوپەلى جوانکاریان شکست پێهێنا کە نرخەکەى دەگاتە 65 هەزار دۆلار.

پۆلیسى گومرگى فڕۆکەخانەکە پاش گومان کردن لە کاپتنێکى فڕۆکەوان بەناوى (ی.س.جاف) کەبەڕەگەز عێراقیەو لەهێڵى ئاسمانى عێراقى کاردەکات و بەنیازبوو سەرپەرشتى گەشتێکى گەڕانەوە بکات بۆ بەغداد، سەرجەم جانتاو کەلوپەلەکانیان رەوانەى پشکنین کرد.

دواى تێپەڕبوونى جانتاکانى فڕۆکەوانەکە بە ئامێرى تیشکى (X-Ray)، چەندین قوتو و کەلوپەلى هاوشێوە لەنێو جانتاکاندا دەرکەوتن، دواتر جانتاکان رەوانەى پشکنینى دەستیى کران و دەرکەوت 107 پارچە کەلوپەلى جوانکارى لەنێو جلەکانى ناو جانتاکەدا حەشاردراون.

دواى پشکنینى یەکێکى تر لەجانتاکانى فڕۆکەوانەکە، دەرکەوت 104 پارچەى ترى کەلوپەلى جوانکارى تیادایە، جگە لەمەش دواى پشکنینى خودى فڕۆکەوانەکە، دەرکەوت چوار هاندمۆبایلى جۆرى (ئایفۆن)ى لەبەشى خوارەوەى کەمەرى پانتۆڵەکەى جێگیر کردووە بەمەبەستى دزەپێکردنى.