سەردێڕ:

یەکێتی ڕۆژی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی دیاریکرد

 ڕۆژی ٧-١٢- ٢٠١٩ دەکرێت
فۆتۆ: 
2019-09-07

5408 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوویەوە و بڕیاریدا ڕۆژی ٧ ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت.

لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنفراسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كۆی دەنگ لەكەشێكی هەڤاڵانەدا بڕیاریدا كۆنگرەی خۆی لە رۆژی ٧ى ١٢ ی ئەمساڵدا ببەستێت".

وتیشی، لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست دراوەو لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی راسپاردووە بەردەوام بێت و دەستوبرد بكات لە ئامادەكارییەكانی لەگەڵ لیژنە فەرعییەكاندا بۆ ئامادەبوون بۆ بەستنی كۆنگرە لەكاتی خۆیدا.

ئاماژەى بەوەشکرد، "وەكو لەخشتەی كارەكانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بوو، باسی بارودۆخی عیراق و كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان و بارودۆخی كوردستان دوای قۆناغی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەركەوتوویی، بڕگەی گەورەو جێگەی مشتومڕی زۆری هەڤاڵانی سەركردایەتی یەكێتی بوو، لەوبارەیەشەوە بڕیاری پێویست درا."

هاوکات بەپێى ڕاگەیەنراوێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یەکێتى لەكۆبونه‌وه‌كه‌دا، "دۆخى كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابرێنراوه‌كان تاوتوێ كرا وجه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌واوكردنى هه‌نگاوه‌كانى ئاسایی كردنه‌وه‌ى دۆخى ئه‌و ناوچانه‌، به‌تایبه‌تى له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، كه‌ سه‌رله‌نوێ هه‌وڵى گۆڕینى بارى دیمۆگرافى كه‌ركوك ‌و ته‌واوى ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابرێنراوه‌كانی تر‌و مه‌ترسى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆرو زیادبوونى كرده‌وه‌ى تیرۆریستى له‌ ئارادایه‌، كه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ر ئاست‌و بواره‌ جیاجیاكاندا هه‌وڵى هاوبه‌شى كوردستانیانه‌ بخرێته‌گه‌ر بۆ رووبه‌روبونه‌وه‌و چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌ و مه‌ترسیانه"‌.

باسى لەوەشکردووە،" ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى، پێكهێنانى لیستێكى هاوبه‌شى كوردستانى بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق، به‌تایبه‌تى له‌ پارێزگاكانى (كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا، دیاله‌، سلاحه‌دین)، به‌ هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى زانى به‌ ئاراسته‌ى كارى هاوبه‌ش‌و ته‌بایى بۆ ئاسایى كردنه‌وه‌ى دۆخى ئه‌و ناوچانه‌‌و رووبه‌روبونه‌وه‌ى مه‌ترسیه‌كان."

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە،" بۆ گفتوگۆى به‌رپرسیارانه‌ى نیشتمانى به‌ئاراسته‌ى یه‌كخستنى هه‌ڵوێستى نوێنه‌رانى كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى بانگهێشتى هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردستانیانه‌ى كرد، كه‌ نوێنه‌ریان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق هه‌یه‌، به‌ ئامانجى به‌رگريكردن له‌ مافه‌ ده‌ستورى‌و دیموكراسیه‌كانى گه‌لى كوردستان".