سەردێڕ:

ئێران: تواناکانمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم زیادکردووە

فۆتۆ: 
2019-09-07

694 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، ئێران ئێستا لە توانایدا هەیە زیاتر لە %٢٠ی یۆرانیۆم بپیتێنێت.

بەهرۆز کەمالوەندی وتەبێژی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا لە تاران ڕاگەیاندووە، دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران دەستیکردووە بە کارپێکردنی ٢٠ ئامێری "ئای ئاڕ ٤" و ٢٠ ئامێری دیکەی جۆری "ئای ئاڕ ٦"، بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێران دەستیکردووە بە لابردنی ئەو سنورانەی کە بە گوێرەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکە بۆ بواری توێژینەوە و پەرەسەندنی بەرنامە ناوەکیەکە دانرابوون".

هۆشداریشیدا لەوەی "وڵاتانی ئەوروپی دەبێت ئەوە بزانن کاتێکی زۆریان بەدەستەوە نیە بۆ رزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکیەکە لە هەڵوەشاندنەوە و هەر کارێک کە لەوبارەیەوە بیانەوێت بیکەن دەبێت دەستبەجێ ئەنجامی بدەن".

ئەمەش دوای ئەوەدێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، هێشتا لە هەوڵدان ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لە هەڵوەشاندنەوە رزگاربکەن و بۆ ئەو مەبەستەش مۆڵەتی دوو مانگی دیکەیان داوەتە ئەوروپا.

هەروەها راشیگەیاندبوو ئەو ڕێکارانەی کە لەبارەی ڕێکەوتنەکەوە دەیگرنەبەر "ئاشتییانە" دەبێت و بە ئاگاداری دەزگای چاودێری ناوەکی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێت، هەروەها مایەی گۆڕانکاریکردنە تیایدا ئەگەر وڵاتانی زلهێزی ئەوروپا بەڵێنەکانیان ببەنە سەر.