سەردێڕ:

عەلی حەمە ساڵح: ​گەندەڵییەکی گەورە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کراوە

فۆتۆ: 
2019-09-07

16975 جار خوێندراوەتەوە

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەندەڵییەکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاگاداردەکاتەوە، کە بە وتەی ئەو بە بڕی دوو ملیار دۆلار قازانجی تیادا کراوە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەکردووە، هەفتەی ڕابردوو ئەو گەندەڵییە "گەورە و مەترسیدارە" کراوە کە واژۆی بەڕێوەبەرێکی گشتی لەسەرە، بەڵام تۆڕێکی گەورەی لە پشتە، وتوشیەتی، " تێپه‌ڕبوونی ئه‌م نوسراوه‌ گه‌وره‌ترین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌ و بێ ده‌سه‌ڵاتکردنی حکومه‌ته تا چوار ساڵی دیکه‌ له‌ دۆسیه‌ی نه‌وتدا ".

ناوبراو باسی لەوەکردووە، یەکی ئەم مانگە، ڕه‌سیدێکی ٤١ ملیۆن ته‌نی بۆ هه‌موو جۆره‌کانی به‌رهه‌می نه‌وت، دراوەتە یه‌ک کۆمپانیای نه‌ناسراو، به‌مه‌ش تا چوار ساڵی حکومه‌تی هه‌رێم هیچ ده‌سه‌ڵات و بڕیارێکی به‌سه‌ر به‌رهه‌می نه‌وتدا نامێنێت.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌سید به‌هیچ کۆمپانیایه‌ک نادرێت و ته‌نیا به‌م کۆمپانیا دراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆمپانیا ته‌نیا ڕه‌سید بفرۆشێت ئێستا ته‌نی ١٨ دۆلار ده‌کات، به‌مه‌ش ته‌نیا به‌م کاغه‌زه‌ ٧٣٨ ملیۆن دۆلاری ده‌ستده‌که‌وێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئه‌م گرێبه‌سته‌ی به‌ڕێوبه‌رێک ئیمزای کردووه‌ به‌هاکه‌ی ١٠ ملیار دۆلاره‌، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نیه‌ ڕێگا پێدانێکی وا گه‌وره‌ واژووبکات، ج جای به‌ڕێوبه‌رێکی گشتی.

راشیگەیاندووە "قازانجی قۆرخکاریەکە زیاتر له‌ دوو ملیار دۆلاره".

پرسیاری ئەوەشی کردووە،  ده‌یانجار حکومه‌تی هه‌رێم وتوویه‌تی نه‌وت ناپاڵێوم، ئێتر ئه‌م هه‌موو ملیۆن ته‌نه‌ ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی بکات له‌ کوێوه‌ دێت؟

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندووە، "به‌های ئه‌م مامه‌ڵه‌ی نزیکه‌ی ١٠ ملیار دۆلاره‌، که‌ئه‌مه‌ش قه‌باره‌یه‌کی گوماناویه‌، له‌کاتێکدا کۆی داهاتی نه‌وتی بۆری له‌ ساڵێکدا ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تی دارایی ٣ ملیار دۆلاره‌. ئەمە چۆن ساغ ده‌بێته‌وه‌؟"

راشیگەیاندووە، "ئه‌م کۆمپانیا نه‌ناسراوه‌ ئه‌م هه‌موو توانایه‌ی له‌ کوێ بوو له‌ ڕۆژێکدا ١١٢٠ (هه‌زارو ١٢٠ تانکه‌ر) به‌ به‌رهه‌می نه‌وته‌وه‌ بباته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل و یان بیهێنێت؟"

وتوشیەتی "ته‌نیا ئه‌و پاره‌ی وه‌ک مه‌نه‌فێست ده‌ستده‌که‌وێت ڕۆژانه‌ ٥٨٠ هه‌زار دۆلار(٥٨ ده‌فته‌ره‌)، ئه‌ویش ته‌نیا کاغه‌زێکه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ند کۆمپانیایه‌ک دروستی ده‌که‌ن و به‌ ئیجباری ده‌یده‌نه‌ بارهه‌ڵگره‌کان و ئۆتۆمبیلی دیکه‌ش، داهاته‌که‌شی بۆ خۆیانه‌".

عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەشکردووە ئه‌گه‌ر هاورده‌کردنی ئه‌م سوته‌مه‌نیه‌ بۆ ناو هه‌رێمی کوردستان و عێراق بێت چه‌ندینجار مه‌ترسیدارتره‌، چونکه‌ نه‌فتاو کۆندێنسه‌یت ئێستا له‌گه‌ڵ ماده‌ی پترۆ کیمیاوی تێکه‌ڵده‌کرێن و وه‌ک به‌نزین ده‌فرۆشرێت، که‌ ئه‌مه‌ هۆکاری سه‌ره‌کی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یه‌.