سەردێڕ:

زۆر نوستن بەسوودە یان زیانبەخش؟

فۆتۆ: 
2019-09-07

13756 جار خوێندراوەتەوە

 

لێکۆڵینەوەیەکى پزیشکى نوێ، مەترسییەکانى کەم خەوتن و هەروەها زۆر خەوتنیش لەسەر مرۆڤ ئاشکرا دەکات.

لێکۆڵینەوەکە لەلایەن زانکۆى (کۆلۆرادۆ بۆڵدەر)ى ئەمریکى، لەچوارچێوەى هەماهەنگییان لەگەڵ نەخۆشخانەى ماساچوتس و زانکۆى مانچستەر ئەنجامدراوە.

ڕۆژنامەى (لوسوار)ى بەلجیکى کە ئەنجامى لێکۆڵینەوەکەى بڵاوکردۆتەوە ئاماژەى بەوەداوە، لەلێکۆڵینەوەکەدا ٤٦١هەزارو ٣٤٧ کەس وەک سامپڵ وەرگیراون، کە تەمەنیان لەنێوان ٤٠ تا ٦٠ ساڵیدا بووە.

لێکۆڵەران لەسەر بنەماى وتەى بەشداربووەکان تایبەت بە نوستن، لێکۆلێنەوەیان کردووە و ئاشکرایان کردووە کە ئەوانەى ماوەیەکى کەم دەخەون، زۆرتر ئەگەرى تووش بوونیان بە جەڵتەى دڵ هەیە.

لەلێکۆڵینەوەکەدا هاتووە ئەوانەى لە شەش کاتژمێر کەمتر دەخەون لەشەوێکدا، ئەگەرەکانى جەڵتەى دڵ تیایاندا بەڕێژەى ٢٠% زیاد دەکات، بەبەراورد لەگەڵ ئەوانەى شەش تا نۆ کاتژمێر دەخەون. بەڵام ئەوانەى کە تەنها پێنج کاتژمێر یان کەمتر دەخەون، ئەگەرى تووشبوونیان بە جەڵتەى دڵ ٥٢% زیاد دەکات.

لێکۆڵینەوەکە تەنها بەکەم خەوتنەوە نەوەستاوە، بەڵکو ئەوەى تیایدا مایەى سەرسامیە ئەوەیە، کە بەپێى ئەنجامەکان ئەوانەى زۆریش دەخەون بەهەمان شێوە ئەگەرى تووشبوونیان بەجەڵتەى دڵ زیاد دەکات، بەپێچەوانەى ئەو بیروباوەڕە باوەى کە دەڵێ زۆر خەوتن بۆپشوودانى جەستە بەسوودە.

بەپێى ئەنجامەکانى لێکۆلێنەوەکە ئەوانەى لەشەوێکدا لە نۆ کاتژمێر زیاتر دەخەون، ئەگەرى تووشبوونیان بەجەڵتەى دڵ ٣٤% زیاد دەکات.