سەردێڕ:

حەوت کۆچبەرى کورد نزیکەى ٤٠ ڕۆژە لەیۆنان دەستبەسەرن

فۆتۆ: 
2019-09-07

3075 جار خوێندراوەتەوە

فیدراسیۆنى سەراسەرى پەنابەرانى عێڕاقى لەتورکیا رایگەیاند کە حەوت کۆچبەرى کورد نزیکەى ٤٠ رۆژە لەیۆنان دەستبەسەرن.

رۆژ عەزیز نوێنەرى فیدراسیۆنى سەراسەرى پەنابەرانى عێراقى لەتورکیا لەراگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکى دەست ئێن ئاڕتى کەوتووە رایگەیاند "ئەو کۆچبەرانە ٤٠ رۆژ لەمەوبەر بەیەختێک کە ٤٥ کۆچبەرى کوردى هەڵگرتوە، بەڕێگەوەبوون بەرەو ئیتاڵیا، پاشان لەلایەن پۆلیسى یۆنانیەوە رێگریان لێکراوە".

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "پاش دەستگیرکردنى کۆچبەرانى ناو یەختەکە، گوازراونەتەوە بۆ دوورگەی کاڵاتاماى یۆنان و ٣٨ لەو کۆچبەرانە لەوێ نیشتەجێکراون و حەوتیشیان کە تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵەوەیە دەستبەسەرکراون".

هەر لەو راگەیاندراوەدا هاتووە کۆچبەرەکان باسیان لەوە کردووە ٣٧ رۆژە لەو زیندانەدا دەستبەسەرکراون و هەموو رۆژێک پێیان دەوترێت کە ئازاد دەکرێن و دەگوێزرێنەوە بۆ شوێنێکى دیکە.

نوێنەرى فیدراسیۆنى سەراسەرى پەنابەران لەراگەیەندراوەکەیدا لەزارى کۆچبەرەکانەوە ئەوەشى راگەیاندووە کە کۆچبەرەکان دۆخى دەروونیان خراپەو لەو ماوەیەدا یەکێک لەکۆچبەرەکان هەوڵى خۆ خنکاندنى داوە، بەڵام لەلایەن پۆلیسى ناو زیندانەکەو بەشێک لەکۆچبەرانەوە رێگرى لێکراوەو رەوانەى نەخۆشخانە کراوە.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە کۆچبەرەکان خەڵکی ھەریەکە لەشارەکانی ھەولێرو رانیەو قەڵادزێ و حاجیاوان.