سەردێڕ:

بەرپرسێکی جەهەپە سزای ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

فۆتۆ: 
2019-09-07

2349 جار خوێندراوەتەوە

دادگای باڵای تاوانەکانی ئیستەنبوڵ دوێنێ سزای نۆ ساڵ و هەشت مانگ زیندانی بەسەر بەرپرسێکی دیاری پارت جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن سەپاند بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان و بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی تیرۆرستی.

بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا، جانان قەفتانچی ئۆغلۆ ئەندامی پارتی جەهەپە لە دادگا ژمارەیەک تۆمەتی بەسەردا ساغکراوەتەوە، کە یەکێک لەو تۆمەتانە "نانەوەی پشێوی لە ناو خەڵکدا" بووە کە بەهۆیەوە دوو ساڵ و هەشت مانگ زیندانی دەکرێت، هەروەها تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە سەرۆکی تورکیا"شی بەسەردا ساغکراوەتەوە کە بەهۆیەوە دوو ساڵ و چوار مانگی دیکە زیندانی دەکرێت، سزای ساڵێک و نیو زیندانیشی بەهۆی تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی تیرۆر"ە.

هاوکات تۆمەتەکانی سوکایەتیکردن بە حکومەت و دام و دەزگاکانی وڵاتەکەشی بەسەردا ساغکراوەتەوە.

لەدوای کۆتایی هاتن بە دادگاییەکەی، قەفتانچی ئۆغلۆ لە ڕێگەی میدیاکانەوە پەیامێکی گەیاندە هاوڵاتیانی تورکیاو وتی"نە من و نە ئێوەش شایەنی ئەم بریارە نەبوون، ئەگەر بڕیاری دادگاش لەگەڵ یاسادا یەکنەگرێتەوە و بەهۆی خواستی دەسەڵاتێکی سیاسییەوە بێت، ئەوا واتە یاسا لە وڵاتدا بوونی نیە".

لەلایەکی دیکەوە ئەکرەم ئیمامئۆغلو سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵ کە لەسەر پشکی جەھەپە ھەڵبژێردراوە ڕایگەیاند، داوایان لە دادگای تێھەڵچوونەوە کردووە چاو بە بڕیارەکەی دادگادا بخشێنێتەوە و بڕوایان وایە کە دادگای تێھەڵچوونەوە فەرمانی دادگا ھەڵدەوەشێنێتەوە.

‌بەپەلە