سەردێڕ:

هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی جەمسەری باشووری مانگ شکستی هێنا

فۆتۆ: 
2019-09-07

2333 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانی هیندستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پەیوەندییان بە کەشتییەکی ئاسمانی وڵاتەکەیانەوە پچڕاوە کە ڕەوانەی جەمسەری باشووری مانگ کرابوو.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووتەوە، پچڕانی ئەو پەیوەندییە زانایانی لە دەزگا ئاسمانییەکەی شاری بێنگالورو نیگەرانکردووە و کەی سیڤان بەڕێوەبەری دەزگاکەش، پێی ڕاگەیاندوون "شیکردنەوە بۆ داتا و زانیارییەکانیان دەکەن".

پچڕانی ئەو پەیوەندییە وەک شکستێک بۆ هیندستان هەژماردەکرێت کە لە هەوڵدابوو ببێتە یەکەم وڵاتی جیهان کە کەشتی ئاسمانی ڕەوانەی جەمسەری باشووری مانگ بکات کە تا ئێستا ئەو بەشەی ئاشکرا نەکراوە، زانایانیش پێشبینی دەکەن ئاوی بەستوو لەو بەشەی مانگدا  بوونی هەبێت.

کەشتییە ئاسمانییەکەی هیندستان کە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا دروستکراوە و لەماوەی ڕابردوودا بە دەوری مانگدا دەسوڕایەوە، کاتژمێر ٨ی شەو بە کاتی جی ئێم تی، دەستی بە نیشتنەوە کرد لەسەر رووی مانگ و لەو قۆناغەدابوو کە پەیوەندی بە ڕێکخراوی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانی هیندستانەوە پچڕا.

لەگەڵ ئەوەشدا نادێرنا مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستان بە گرنگییەوە باسی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ ئاشکراکردنی جەمسەری باشووری مانگ ناوبرد و وتی "لە ژیاندا بەرز و نزمی هەیە و ئەوەی کە بەدەستیشمان هێناوە دەستکەوتێکی بچوک نیە".