سەردێڕ:

جۆن بۆڵتۆن: کەشتییە ئێرانییەکە بەرەو سوریا دەڕوات

وێنەکانی بڵاوکردەوە
فۆتۆ: 
2019-09-07

3459 جار خوێندراوەتەوە

جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دوایین وێنەی مانگی دەستکردی بڵاوکردووەتەوە کە دەریدەخات کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی " ئادریان دەریا ١" بەرەو بەندەری تەڕتوسی سوریا دەچێت.

جۆن بۆڵتۆن لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تویتەر ئەوەی نوسیوە، " ئەوانەی پێیانوایە ئادریان دەریا ١ بەرەو سوریا ناچێت نکوڵی دەکەن، تاران بڕوای وایە دابینکردنی بودجە بۆ ڕژێمەکەی ئەسەد زۆر گرنگترە لە پشتیوانی هاوڵاتیانی، دەتوانین گفتوگۆ بکەین، بەڵام نەرمی نانوێنین لە سزاکانمان دژی ئێران تا ئەوکاتەی لە درۆ کردن و بڵاوکردنەوەی تیرۆر دەوەستن".

بۆڵتۆن لەگەڵ توییتەکەیدا وێنەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئێرانی بڵاوکردەوە کە لەلایەن مانگە دەستکردەکانەوە گیرابوون لەبەرواری ٦ ی ئەیلولی ٢٠١٩ و لە وێنەکەدا ئەوە پیشاندەدات کەشتی ئادریان دەریا ١ بەئاڕاستەی بەرامبەر بنکەی دەریایی تەڕتوس دەجوڵێت.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو ئەوەی ڕاگەیاند، واشنتۆن زانیاری دروستی هەیە کەشتییە ئێرانییەکە بەرەو سوریا دەجوڵێت بەئاڕاستەی تەڕتوس و هیوادارین ئاڕاستەکەی بگۆڕێت.

کەشتی نەوتهەڵگرە ئێرانییەکە ئامێری ناردن و وەرگرتنی داخستووە لە دەریای ناوەڕاستدا لە ڕۆژئاوای سوریا.