سەردێڕ:

بۆچى سەرۆکى حکومەت هەموو دەسەڵاتەکانى سەرفکردنى پارەى داوەتە وەزیرى دارایی؟

فۆتۆ: 
2019-09-06

40925 جار خوێندراوەتەوە

لە هەنگاوێکى نوێدا سەرۆکى حکومەتى هەرێم، هەموو دەسەڵاتەکانى سەرفکردنى پارەى دایە وەزیرى دارایی کە لەسەر پشکى گۆڕانە، ئەوەش وەک گورزێک بۆ دەسەڵاتەکانى  یەکێتى لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لێکدەدرێتەوە، چونکە پێشتر بەشێک لە دەسەڵاتەکانى سەرفکردنى پارە لاى نوێنەرەکەى یەکێتى بوو لەناو حکومەت.

لە  نزیکەى دوو مانگى تەمەنى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم ژمارەیەک گۆڕانکارى و بریارى نوێ درا، کە بەشێکى زۆریان کاریگەرى راستەوخۆى هەبوو لەسەر قورسایی یەکێتى لە ناو ئەنجومەنى وەزیران.

هەرچەندە مەرجى سەرەکى یەکێتى بۆ بەشداریکردنى لەم کابینیەدا شەراکەتى ڕاستەقینەبوو، بەڵام لەئێستادا جۆرێک لەنیگەرانى لەلایەن یەکێتىیەوە هەست پێدەکرێت بەوەى کە سەرۆکى نوێی حکومەت جیاواز لە سەرۆکى پێشووى حکومەت، دەسەڵاتە دارایى و کارگێڕیەکانى لە جێگرى سەرۆکى حکومەت سەندووەتەوە، چونکە لە کابینەى پێشوو نێچیرڤان بارزانى دەسەڵاتێکى زیاترى بۆ جێگرەکەى جێهێشتبوو، بەتایبەت لە ناوچەکانى سلێمانى و دەوروبەرى و هەڵەبجە و گەرمیان کە هەموو دەسەڵاتەکانى سەرۆکى حکومەتى  بەڕێوەدەبرد.

هەرچەندە زیادکردنى دەسەڵاتەکانى وەزیرى دارایى لەلایەک وا لێکدەدرێتەوە بۆ کەمکردنەوەى هەژمون و دەسەڵاتى خەرجییە داراییەکانى جێگرى سەرۆکى حکومەتە، لەلایەکى دیکەش بۆ ئەوەیە کە هەر کەم و کورتیەک لە پرۆژەو بودجەو موچەدا هەبێت ئۆباڵەکەى بکەوێتە ئەستۆى ئەو لایەنە سیاسیەى کە ئێستا وەزارەتى دارایی بەڕێوە دەبات، بەتایبەت کە لەڕابردوودا زۆرترین قسەیان لەسەر ناشەفافى و دیارنەبوونى داهاتەکان کردووە.

نیگەرانییەکانى یەکێتى لەو کاتەوە هەستى پێکرا کە بەفەرمى داواى رونکردنەوەیان لە پارتى کرد بوو سەبارەت بەو بڕیارانەى کە لە ١٠ى حوزەیرانى ڕابردوودا لەلایەن نوێنەرەکەى یەکێتییەوە دەرکرا بوو، بەڵام ئەم کابینەیە  کارى پێنەکرد.

جگە لەوەش پێشتر ناكۆكیی و ساردیی مەسرور بارزانی لەگەڵ یەكێتی، لە دوای دەستبەكاربوونی ناوبراوەوە لەسەر ئەوە بوو، کە لە بەشێکى زۆرى پێشوازی و دیدارە گرنگەکاندا نوێنەرەکەى یەکێتى و وەزیرە پەیوەندیدارەكانی ئەو حزبە ئامادەنەبوون، ئەوە سەرەڕاى ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکانى حکومەتدا بەڕونى پەراوێزخستنى ناو و رۆڵى جێگرى سەرۆکى حکومەت دەبینرێـت.

 

پێدەچێت بریارەکەى سەرۆکى حکومەت لە پێدانى دەسەڵاتى زیاتر بۆ وەزیرى دارایی ئاماژەیەکى ڕوون بێت کە پارتی و مەسرور بارزانی دەیانەوێت ئیدارەکان یەکبخەنەوە  و تەواوی کوردستان لە روی پارە و ئیدارییەوە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەت بێت، کە پارتی سەرۆکایەتی دەکات.

رەنگە سیاسەت و بریارەکانى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت، ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى لە ئەنجومەنى وەزیران بخاتە قۆناغێکى نوێوە.

بەڵام لە لایەکى ترەوە لایەنگرانی سیاسەتی سەرۆکی حکومەت پێیان وایە کە  رەنگە حکومەتی هەرێم بەم جۆرە رەفتار و بریارانە بەهێزتر بێت و هەرێمی کوردستانیش ببێتە یەک ئیدارە و کۆتایی بەو دوو ئیدارەییە بهێنرێت کە لە ساڵی ١٩٩٦وە ماوەی ٢٣ ساڵە بونی هەیە.

داهاتوو وەڵامى ئەم پرسیارە دەداتەوە.