سەردێڕ:

لایەنە کوردییەکان لەسەر ٤٠٠ پۆستیى حکومەتى عێراق رێکنەکەوتوون

فۆتۆ: 
2019-09-06

2183 جار خوێندراوەتەوە

هێشتا دەیان پۆست لە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمدا یەکلایىنەکراونەتەوە، سەدان پۆستیش کە پشکى کوردن لە حکومەتی عێراقدا لە چاوەڕوانى یەکلاییکردنەوەدان.

کورد لە حکومەتى نوێى عێراقدا زیاتر لە ٤٠٠ پۆستى بەرکەوتووە، کە لەبەڕێوەبەرى گشتیی و بریکارى وەزیر و ئەندام و سەرۆکى دەستەکان و راوێژکارو باڵیۆزەکان و چەند پۆستى تر پێکهاتوون.

دانا جەزا ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا بەرکەوتەى لایەنەکان لە حکومەتی عێراقدا دیارینەکراوە.

یەکێتى لەسەر ئەم پرسە ئامادە نەبوون قسە بۆ ئێن ئاڕ تی بکەن، بەڵام بەپێى زانیارییەکان یەکێتى و پارتى چاویان لەوەیە زۆرترین پۆست بۆ بەرژەوەندى خۆیان یەکلاییبکەنەوە، پەرلەمانى عێراق ٢٤ى ١٠ى وەک دوا وادە بۆ پڕکردنەوەو یەکلاییکردنەوەى پۆستەکان دیاریکردووە.

بەپێى زانیارییەکان کۆبونەوەیەک لەنێوان فراکسیۆنەکانى دەرەوەى یەکێتى و پارتى لەپەرلەمانى عێراق کراوە بۆ چۆنیەتى وەرگرتنى ئەو پۆستانە، لایەنەکان نایانەوێت لەسەر بنەماى زۆرینەو کەمینە پرسەکە یەکلایى بکرێتەوە.

بەهار مەحمود ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆران باسی لەوەکرد، گۆڕانیش لەگەڵ ئەوەدایە پۆستەکان بۆ لایەنەکانى تر بێت کە بێبەشکراون لە وەزارەت و پۆستە گەورەکان.

جگە لە پۆستەکانى کورد، زیاتر لە سێ هەزار و ٦٠٠ پشکى لایەنە عێراقییەکانیش پێویستە لەماوەى کەمتر لە دوو مانگى داهاتوودا یەکلاییبکرێنەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە تەمەنى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى لە ساڵێک نزیک دەبێتەوە.