سەردێڕ:

گەنجێک لەدەریاچەی دوکاندا خنکا

وێنەی ئەو هاوڵاتییەی ئەمڕۆ لە لەدەریاچەی دوکاندا خنکا
فۆتۆ: 
2019-09-06

15497 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، رانیە، ئەیوب عەلی

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین رایگەیاند، هاوڵاتییەکی تەمەن ١٨ ساڵ کە دانیشتووی رانیە بووە لە ئاوی دەریاچەی دوکاندا خنکاوە.

حسێن عەبدوڵا وتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی ڕاگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ هاوڵاتییەکی تەمەن ١٨ ساڵ لەدەریاچەی دوکاندا خنکاوە کە دانیشتووی ڕانیەیە و بەمەبەستی گەشت و سەیران لەگەڵ خێزانەکەیدا چوەتە ئەوشوێنە".

ئاماژەی بەوەشکرد، پاش چەند کاتژمێرێک گەڕان، تیمەکانی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین توانیانە تەرمی هاوڵاتییەکە بدۆزنەوە و تەرمی ئەو هاوڵاتییە ڕەوانەی پزیشکی دادوەری ڕانیە کراوە.

خنکانی ئەو هاوڵاتییە لەکاتێکدایە کە نزیکەی مانگێک لەمەو بەر وەزارەتی ناوخۆ کۆمەڵێک مەرجی بۆ پڕۆژە و کەپر و شوێنە گەشتیارییەکان دەرکردبوو کە یەکێک لەو مەرجانەش قەدەغەکردنی مەلەیە لە ئاوی بەنداو و ڕوبار و شوێنە گەشتیارییەکان .

لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا ئەمە پێنجەم حاڵەتی خنکانی هاوڵاتییانە لە سنوری ئیدارەی راپەرین و دوو هەفتە پێشووتریش کچ و کوڕێک لەزێی بچوکدا لە قەڵادزێ خنکان.