سەردێڕ:

کاریگەرییەکانی کەمخەوی لەسەر تەندروستیی دڵ

فۆتۆ: 
2019-09-06

5036 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکانی بواری نوستن ئاماژە بەوە دەکەن، خەوتن بۆ ماوەی کەمتر لە حەوت کاتژمێر زیانی تەندروستیی هەیە، بەتایبەت بۆ دڵ، کە هۆکارە بۆ توشبوون بە کۆمەڵیک نەخۆشی و ناڕێکی لێدانەکانی دڵ.

ماڵپەڕی هێڵسی لاین ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کەسانەی شەوان کەمتر لە حەوت کاتژمێر دەخەون، مەترسیی تەندروستی بۆ تەواوی جەستەیان دروستدەبێت، بەتایبەت بۆ دڵ.

کەمخەوی دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی چالاکیی جەستە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی دڵ دروستدەکات و، مەترسیی توشبوون بە جەڵتەی دڵی لێ دەکرێت.

پزیشکان ئاشکرایدەکەن، کەمخەوی هۆکارێکە بۆ تەنگەنەفەسی و ناڕێکبوونی لێدانەکانی دڵ و توشبوون بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان، لەوانەش فشاری خوێن و پەستان خستنە سەر مولوولەکانی خوێن و باش نەگەیشتنی خوێن بۆ بەشەکانی دڵ.

هەربۆیە پزیشکان ئامۆژگاری خەڵکی دەکەن، کەسێکی ئاسایی پێویستە لە حەوت کاتژمێر کەمتر نەخەوێت، باشترین ماوەی نوستنیش حەوت بۆ هەشت کاتژمێرە، کە جەستە و مێشک پشووی تەواو وەردەگرن.