سەردێڕ:

ئێران: پابەندبوون بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کەمتر دەکەینەوە

ئێران نامەیەکى بۆ  یەکێتى ئەوروپا نارد
فۆتۆ: 
2019-09-06

1578 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پابەندبوونی وڵاتەکەى بە ڕێکەوتنە ناوەکیەکە کەمتردەکاتەوە، ئەوەش لە وەڵامی سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا)ی نزیک لە حکومەتی ئێران، عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکردووە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکیدا کە بۆ فێدریکا مۆگەرینی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای ناردووە، ڕایگەیاندووە، ئێران هەموو ئەو سنورانە دەشکێنێت کە بۆ چالاکییەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان دیاریکرابوون.

بە گوێرەی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا کە ساڵی ٢٠١٥ واژووی لەسەرکرا، سنورێک بۆ توێژینەوە و پەرەسەندنەکانی ئێران دیاریکرا کە لە بواری چەکی ناوەکی ئەنجامی دەدا و بڕیاریش بوو بە گوێرەی ڕێکەوتنەکە دیاریکردنی ئەو سنورە هەشت ساڵ بخایەنێت.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، هێشتا لە هەوڵدان ڕێککەوتنە ناوەکییەکە لە هەڵوەشاندنەوە رزگاربکەن و بۆ ئەو مەبەستەش مۆڵەتی دوو مانگی دیکەیان داوەتە ئەوروپا.

هەروەها راشیگەیاندبوو، ئەو ڕێکارانەی کە لەبارەی ڕێکەوتنەکەوە دەیگرنەبەر "ئاشتییانە" دەبێت و بە ئاگاداری دەزگای چاودێری ناوەکی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێت، هەروەها مایەی گۆڕانکاریکردنە تیایدا ئەگەر وڵاتانی زلهێزی ئەوروپا بەڵێنەکانیان ببەنە سەر.

پێشتریش ئێران رێژەى پیتاندنى یۆرانیۆمى بەرزکردەوە و ئەو ئاستەى تێپەڕاند كه‌ له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیدا ئاماژه‌ی پێ كراوه.