سەردێڕ:

یەکێتى ئەوروپا لەرێگەى داتابەیسێکەوە زانیارى لەسەر چەکدارە بیانییەکانى داعش کۆدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-09-06

1203 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی ئەوروپا پرۆسەی دادگاییکردی ئەو چەکدارە بیانیانەی داعش ئاسانتر دەکات کە لە عێراق و سوریاوە گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان بە داتا بەیسێک زانیارییان لەسەر کۆدەکاتەوە.

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، یەکێتی ئەوروپا داتابەیسێک بۆ ٢٨ وڵاتە ئەندامەکەی دروستدەکات تا بتوانرێت لە ڕێگەیەوە زانیاری لەسەر ئەو تۆمەتبارانەی داعش کۆبکرێتەوە کە لەدوای ڕوخانی خەلافەتەکەیان گەڕاونەتەوە بۆ ئەوروپا.

پێشبینی دەکرێت بە هاوکاری ئەو داتابەیسە، ئەو تۆمەتبارانەی داعش ڕوبەڕوی تاوانی جەنگ و تاوانە قورسەکان بکرێنەوە کە پێشتر بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە لەبارەیان، تۆمەتی سوکتریان خرابووە پاڵ و هەندێکیشیان ڕوبەڕوی دادگا نەدەکرانەوە.

داتابەیسەکە لەلایەن دەزگای (یۆرۆجەست)ی سەر بە یەکێتی ئەوروپاوە بەڕێوەدەبرێت، لادیسلاڤ هامران سەرۆکی ئەو دەزگایەش باسی لەوەکردووە، چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی دروستکردنی ئەو هەماهەنگیەوە، ڕێگری لە هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر ئەوروپا بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی پێگەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە عێراق و سوریا، سەدان چەکداری بیانی ڕێکخراوەکە گەڕانەوە بۆ ئەوروپا، کە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەریتانیا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە کە لەسەدا ٤٥ی چەکدارانی داعش گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و لەدوای ئەویش ئەڵمانیا و هۆڵەندا و ئیسپانیا دێت.