سەردێڕ:

عێراق.. حەشدی شەعبی بڕیاریدا بە پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتیی هێزی ئاسمانی

فۆتۆ: 
2019-09-05

4268 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی بەڕێوەبردنی حەشدی شەعبی لە عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتیی هێزی ئاسمانی، ئەوەش پاڵپشت بە فەرمانی دیوانی ژمارە ٧٩ی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران.

بەگوێرەی فەرمانێک کە رۆژی ٤ی ئەیلول دەرچووە و واژۆی ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری دەستەی بەڕێوەبردنی حەشدی شەعبیی لەسەرە، هاتووە، "بڕیارماندا بە پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتیی هێزی ئاسمانی و سەڵاح مەهدی حەنتوش وەکو بەڕێوەبەری هێزی ئاسمانی بە وەکالەت دیاریکراوە."

پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتیی هێزی ئاسمانیی سەربە حەشدی شەعبی لە دوای ئەوە هات، لە ماوەی رابردوودا بارەگاکانی حەشد لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە و بەغدا بۆردومانکرا و، بنکە سەربازییەکانی تێکشکێنران، ئەمەش جگە لەوەی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی لە بۆردومانی ژمارەیەک فڕۆکەی نەناسراودا (کە حەشد ئیسڕائیل بە بۆردومانەکان تۆمەتبار دەکات) لە پارێزگای ئەنبار کوژرا.

رۆژی ١ی تەموزی ئەمساڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەوەی، لەمەودوا هێزەکانی حەشدی شەعبی ببنە بەشێک لە هێزە فەرمییەکانی دەوڵەت و دەستبەرداری هەموو ناوێکی ناسەربازی ببن، لەناویشیاندا حەشدی عەشایەری.

لە بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدیدا باس لەوەش کرابوو، هێزەکانی حەشدی شەعبی وەکو بەشێک لە سوپای عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بە فەرمانی سەرۆک وەزیران و بە رەزامەندیی ئەنجومەنی نوێنەران جوڵەیان پێ دەکرێت، هەروەها سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە سەرپەرشتیی هەموو رێکخستنەکانی هێزەکە دەکات لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە دەستنیشان دەکرێت.