سەردێڕ:

ئاژانسى عێراقییە: ئەبو بەکر بەغدادی نەخۆشە

فۆتۆ: 
2019-09-05

14621 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقیە لە سەرچاوەیەکی ئەنجومەنی دادوەرییەوە، هەواڵی نەخۆشیی سەرکردەی ڕێکخراوی داعش ئەبوبەکر بەغدادی بڵاوکردەوە.

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی دادوەری كە ئەمڕۆ پێنجشەمە پێنجى ئەیلولى ٢٠١٩ ئەوەی خستەڕوو، خزمێکی نزیکی ئەبوبەکر بەغدادی ڕایگەیاندووە، کاتێک چاوی بە بەغدادی کەوتووە ماندوویەتی و بێتاقەتی و نیشانەی نەخۆشی پێوەدیاربووە، بەهۆی تەمەنەکەیەوە هەروەها بەردەوام ئازارێکی هەبوو بەهۆی نەشتەرگەرییەکەوە کە بۆ گوێی چەپی ئەنجامدرابوو لە ناوچەی ئەبوکەمالی سوریا.

ئاماژە بەوەشکراوە، دادگای عێراقی دانپێدانانی " ڕەباح عەلی ئیبراهیم " کوڕی مامی ئەبوبەکر بەغدادی بڵاوکردەوە، کە لە دانپێدانانەکەیدا لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ دەربارەی کەیسی تیرۆر و دیارترینیان پەیوەندی نێوان خۆی و ئامۆزاکەی وتی، "ئێمە زۆر لە یەکترەوە نزیک بوین و لە منداڵییەوە بەیەکەوە گەورەبووین و لە کۆتایی ساڵاکانی هەشتاکاندا لەیەک دوورکەوتینەوە کاتێک ئەبوبەکر لەزانکۆی بەغدا دەیخوێند لەو ماوەیەدا کەمتر یەکترمان دەبینی".

ڕەباح وتیشی، "لەوکاتەی ڕێکخراوەکە دەستی گرت بەسەر چەند شارێکدا من لە قەزای دۆرە دەژیام و سێ کوڕم پەیوەندییان بە ڕێکخراوەکەوە کردبوو، لەبەرئەوەی دانیشتوانی زۆربەی ناوچەکان پێیان خۆشبوو پەیوەندی بەڕێکخراوەکەوە بکەن لە ژێر ناوی بەیعەتدا، دوای ئەوە بەرەو نەینەوا گواستمەوە و لەوێ بەیعەتم دا بە ( ئەبو مستەفا بەیعات)، و کارەکەم لە دیوانی کشتوکاڵ بەشی ناردنی پارەکەی بۆ بەشی خەزێنەی داعش".

باسی لەوەشکرد، دیوانی کشتوکاڵی سەرچاوەیەکی داهاتی گرنگی ڕێکخراوەکەبوو، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لەلایەن سوپای عێراقەوە ئێمە بەرەو ئەنبار هەڵاتین لەوێش هەر لە دیوانی کشتوکاڵ کارم دەکرد، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەنبار ئێمە ڕومانکردە ناوچەی شغفە لە سنوری سوریا".

دەربارەی هەوڵدان بۆ بینینی ئامۆزاکەی ڕەباح وتی، چاودێری زۆرمان لەسەر بوو و ڕێگریمان لێدەکرا بۆ نزیک بوونەوە لە ئەبوبەکر بەغدادی یاخود چاوپێکەوتنی، بەغدادی لەلایەن براکەیەوە وەکو پاسەوانی تایبەت پارێزگاری لێدەکرا و دەترسان چاودێری بکرێت لە ڕێگەی ئامێری ئەمنییەوە و بۆ دۆزینەوەی شوێنەکەی بۆیە هەر نەدەبوو بیر لە بینینی بکەینەوە.

وتیشی، "ڕۆژێک لەناوچەی شەغفە ئەحمەدی برای ئەبوبەکر بەغدادی و کەسێکی نەناسراو کە ناوی ئەبو موهاجری لێنرابوو، داوایان لێکردم لەگەڵیان بڕۆم بۆ شوێنێکی نادیار، چوین بۆ خانویەکی سادە کە لە ١٥٠ مەتر زیاتر نەبوو ئەبوبەکر بەغدادی لەگەل پیاوێک لەوێبوون، بەغدادی هەواڵی پرسیم و پرسیاری خێزانەکەمی کرد و وتی ئێستا لە کوێن، داوای لێکردم بە گواستنەوەی هەموو خێزانەکان بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ترسی ئەوەی توشی زیان نەبن چونکە لەو کاتەدا شەڕەکە زۆر سەخت ببوو بەهۆی ئەو ناکۆکیەی کەوتبووە ناو ڕێکخراوەکەوە و ڕێکخراوەکەی لاواز کردبوو".

ڕەباح دەربارەی ناکۆکییەکانی ناو ڕێکخراوەکە وتی، "بە ئامۆزاکەم وت ناکۆکییەکان بەهۆی دیارنەمان و دەنگۆی مردنی ودرەنگ دەرکەوتنی ئەوەوەیە(بەغدادی) لە گۆڕەپانەکەدا نیە، جارێکیان لە مزگەوتێکدا دانیشتبووین لەناکاو یەکێک لە چەکدارەکان کە تونسی بوو هاتەژوورەوە و بە دەنگێکی بەرز وتی کوا خەلیفە؟ خەلیفە لێرە نییە؟

لە وەڵامدا بەغدادی پێی وتم، "ئێمە نقووم بووین لەناو کەسانێکدا کە دژی ئێمە کاردەکەن لەناو ڕێکخراوەکەدا، ئەم ناکۆکییە ئەوەندە بەهێزبوو گەیشتە ئەوە قۆناغەی کە شۆڕش بەرپابێت لەلایەن تیرۆریستە بیانیی و عەرەبەکانەوە، دیارترینیان کە ئیدعای نەمانی خەلیفە و بەرپاکردنی شۆڕشێکی دەکرد لەناو ڕێکخراوەکەدا بریتی بوون لە تونسییەکانی ناو ڕێکخراوەکە.