سەردێڕ:

تورکیا هۆشداری دەدات لە کردنەوەی سنورەکانی بەڕووی کۆچبەراندا

فۆتۆ: 
2019-09-05

5514 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشداریی دا لەوەی وڵاتەکەی سنورەکانی بەڕووی ئەو کۆچبەرانەدا بکاتەوە کە دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ئەوروپا، ئەگەر پشتیوانی نێودەوڵەتی وەرنەگرێت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئاوارە سورییەکاندا.

بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانی وتارێکیدا لە ئەنقەرە، مەرجی توندوتۆڵکردنی سنورەکانی وڵاتەکەی بەڕووی کۆچبەرانی نایاسایی بەستووەتەوە بە گرفتی ئاوارەکانی سوریا کە بوونەتە بارگرانی بەسەر ئابووری تورکیاوە و ئەنقەرە لەهەوڵدایە لە ڕێگەی دروستکردنی ناوچەی ئارامەوە بیانگەڕێنێتەوە بۆ سوریا.

ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، تورکیا دەیەوێت تا کۆتایی مانگی ئەیلول لەگەڵ ئەمریکا ناوچەی ئارام لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستبکرێت، هۆشداریشیدا لەوەی کە تاکلایەنە کار بۆ دروستکردنی دەکات لە "ئەگەر پێویست بوو".

ڕۆژی ٧ی ئابی ڕابردوو، لەدوای سێ ڕۆژ کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمریکا و تورکیا، دواجار هەردوولا لەبارەی پێکهێنانی ناوچەی ئارام لە سنورەکانی نێوان تورکیا و سوریا ڕێککەوتن. کە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە "دروستکردنی ڕاڕەوێکی سەلامەتە لە باکوری سوریا بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئاوارە سورییەکان".

لەکاتێکدا مۆرگان ئۆرتەیگەس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەدوای ڕێکەوتنەکەی ناوچەی ئارام، باسی لەوەکرد " ئەمریکا پشتگیری لە بەزۆر ناردنەوەی ئاوارە سورییەکان بۆ وڵاتی خۆیان ناکات، هەروەک چۆن لەگەڵ ئەوەدا نیە کە هەڕەشە لە ئاوارەکان بکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان".