سەردێڕ:

برایان هوک: پێشنیازی ملیۆنان دۆلارمان بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئێرانیەکە کردبوو

فۆتۆ: 
2019-09-05

3385 جار خوێندراوەتەوە

برایان هوک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکەی پێشنیازی ملیۆنان دۆلاری کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەی ئێران کە مشتومڕی دروستکردووە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی بی بی سی، برایان هوک دووپاتیکردووەتەوە کە ئیمەیڵی بۆ کاپتنی کەشتی ئەیدریان داریا ١ ناردووە و پێشنیازی بۆ کردووە کەشتییەکە بەرەو ئاڕاستەیەک بگوازێتەوە کە ئەمریکا بتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت.

ئەمەش لەکاتێکدابوو، دوێنێ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە زاری وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت ئەوەی بڵاوکردەوە، برایان هوک بە ئیمەیڵێک پەیوەندی کردووە بە کاپتنی کەشتی ئەیدریان داریا ١ کە پیاوێکی بەڕەچەڵەک هیندییە بە ناوی (ئەخیلێش کومار) و لە ناوەڕۆکی ئیمەیڵەکەدا پێی وتووە "ئێمە هەواڵێکی خۆشمان پێیە، ئیدارەی ئەمریکا ئامادەیە چەندین ملیۆن دۆلار ببەخشێتە کاپتنەکە بەو مەرجەی کەشتییەکە بچێتە شوێنێک کە ئەمریکا بتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت".

بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، لە ئیمەیڵەکەدا ژمارەی تەلەفۆنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دانراوە بۆ ئەوەی کاپتنەکە وا تێنەگات کە ئیمەیڵەکە ساختەیە.

ئاماژەش بەوەکراوە، ئەم پێشنیازە پێش سەپاندنی سزا بووە بەسەر کەشتییەکەدا.

کەشتی نەوتهەڵگری ئەیدریان داریا ١ کە لە ڕابردوودا ناوی (گرەیس ١)بوو، ڕۆژی ٤ی تەمووز لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە جەبەل تاریق دەستی بەسەردا گیرا، بە گومانی ئەوەی نەوت دەگوازێتەوە بۆ سوریا کە ئەوەش پێشێلکاری سزاکانی یەکێتی ئەوروپایە.

ڕۆژی ١٥ی مانگی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ئەو کەشتییەیان ئازادکرد دوای ئەوەی گرەنتی ئەوەیان بە بەریتانیادا کە نەوت نەگوازێتەوە بۆ سوریا، ئەمریکاش لە هەوڵی ئەوەدابوو ڕێگری لە ئازادکردنی کەشتییەکە بکات.