سەردێڕ:

ئێران دوو مانگ مۆڵەت دەداتە ئەوروپا بۆ رزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە

فۆتۆ: 
2019-09-05

1278 جار خوێندراوەتەوە

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، مۆڵەتی دوو مانگیان داوەتە وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا بۆ ئەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران لە هەڵوەشاندنەوە رزگاربکەن.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕۆحانی لە ڕاگەیەندراوێکدا وتوویەتی "گفتوگۆکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی ئەوروپا لەبارەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەوە بەرەوپێشچووە، و ئومێدێک هەیە کە لە ئێستادا ڕوبەڕوبوونەوەی دیبلۆماسی لە نێوان ئێران و ڕۆژئاوادا ڕابگیرێت کە بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە".

لەبارەی ئەو ماوەیەی کە ئێران بۆ گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەوروپا دیاریکردووە، رۆحانی وتوویەتی، چاوەڕوان ناکرێت گفتوگۆکانی ئێران و وڵاتانی ئەوروپا بە چەند ڕۆژێک بگەنە ئەنجام.

باسی لەوەشکرد، لەگەڵ بەردەوام بوونی گفتوگۆکاندا، ئێران بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی پابەندبوونی بە ڕێکەوتنی ناوەکییەوە و قۆناغی داهاتووش کاریگەرییەکانی سەرسوڕهێنەر دەبن.

ئەمە لەکاتێکدایە فەڕەنسا پێشنیازی بۆ ئێران کردووە کە ١٥ ملیار دۆلار  قازانج بکات لە داهاتی فرۆشتنی نەوت لەبەرامبەر پابەندبوونی تەواوەتی بە ڕێکەوتنی ناوەکییەوە و ئێرانیش ئەو پێشنیازەی قبوڵکردووە بەو مەرجەی لە ٤ مانگی داهاتوودا ئەو داهاتەی دەستبکەوێت.